وۆڵ ستریت جۆرناڵ: تورکیا هێزەکانی خۆی لە نزیک ناوچە کوردنشینەکانی سوریا کۆدەکاتەوە

ڕۆژنامەیەکی بەناوبانگی ئەمریکی ڕایدەگەیەنێت" تورکیا و هاوپەیمانەکانی هێزەکانی خۆیان لەسەر سنوورەکانی سووریا بەهێزتر دەکەن، ئەوەش نیگەرانی ناوچەکەی لێکەوتووەتەوە، بە ئامانجی ئەوەی که ئەنقەرە خۆی ئاماده دەکات بۆ هێرشکردنە سەر ناوچە کوردنشینەکانی سووریا کە لەلایەن ئەمریکاوە پاڵپشتی دەکرێن". 

رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە زاری گەورە بەرپرسانی ئەمریکاوە ڕایگەیاندووە" هێزەکانی تورکیا و گروپە چەکدارە هاوپەیمانەکانی، هێزێکی زۆریان بە درێژایی سنورەکانی سوریا کۆکردووەتەوە و ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی ئۆپەڕاسیۆنی سەربازی دەکەن".

هەروەها ڕۆژنامەکە لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکی ڕاشیگەیاندووە" ئۆپەراسیۆنێکی سنووربەزاندنی تورکیا ڕەنگە نزیک بێت". 

بەرپرسێکی دیکەی ئەمریکی وتی" ئێمە سەرنجمان لەسەر ئەو بابەتەیە و فشار دەخەینە سەر تورکیا تا ئۆپەراسیۆنەکان ڕابگرێت، ئامانج لە ئۆپراسیۆنەکانیشیان ئەوەیە تا ڕووبەرێکی فراوانى ژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە سوریا کۆنترۆڵ بکەن". 

دوێنێش ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆکی فەرمانگەی دەرەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، لە پەیامێکدا بە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکای ڕاگەیاند" پێدەچێت ئۆپەراسیۆنی سەربازی تورکیا ئەنجامبدرێت". 

هەروەها داوای لێکرد فشار بخاتە سەر ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ ئەوەی هێزەکانی بۆ ئەودیوی سنوورەکان نەنێرێت.

ئیلهام ئەحمەد هۆشداری بە ترەمپ دا کە لەشکرکێشی تورکیا تەنها لە کۆبانی زیاتر لە ٢٠٠ هەزار هاوڵاتی مەدەنی کورد لەگەڵ زۆرێک لە پێکهاتە مەسیحییەکان ئاوارە دەبن.

هەفتەی ڕابردووش ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی واشنتۆن گەشتێکی بۆ تورکیا ئەنجامدا، بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەردۆغان باسی داهاتووی سوریا بکات، هەروەها داوای گەرەنتی بکات کە ئەنقەرە ئۆپەراسیۆنەکانی دژی چەکدارە کوردەکانی هاوپەیمانان کەمبکاتەوە، بەڵام دانوستانەکانی ئاگربەست لە نێوان کوردانی سوریا و کوتلەکانی سەر بە تورکیا لە کۆبانی بە نێوەندگیری ئەمریکا شکستیهێنا.



PM:12:54:17/12/2024