لەپاش كۆبوونەوە هەر دوو شاندی دانوستانكاری یەكێتی و پارتی لە بارەگای مەكتەبی سیاسی پارتی لە پیرمام، هەر دوولا راگەیەنراوێكی هاوبەشیان بڵاوكردەوە.
لە راگەیەنراوە هاوبەشەكەدا هاتووە: لە كۆبوونەوەكەدا بارودۆخی ناوچەكە و ئەو گۆڕانكاریانەی كە هاتوونەتە ئاراوە و كاریگەرییان لەسەر عێراق و هەرێمی كوردستان خرانە بەر باس، هەردوولا كۆك بوون لەسەر تەبایی و هاوهەڵوێستی لە پارێزگاریكردنی بەرژەوەندییە باڵاكانی هەرێمی كوردستان لەم قۆناغە هەستیارەدا.
ئەوەش خراوەتە ڕوو، تەوەرێكی كۆبوونەوەكە باس لە هەنگاوەكانی پێكهێنانی كابینەی تازەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و هەنگاوەكانی پێویست بۆ سەرخستنی ئەو پرۆسەیە كرا، هەردوولا هاوڕابوون كە بە زووترین كات لەسەر ئامادەكردنی بەرنامەیەكی هاوبەش بۆ ئەو بنەمایانەی كە حوكمڕانیی كوردستانیان بۆ قۆناغی ئایندە لەسەر بەڕێوەدەچێت بكەن، بەشێوەیەك كە پارێزگاری لە پێگە و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان و ماف و بەرژەوەندییەكانی هاووڵاتیان و سەرجەم پێكهاتەكانی بكات.
لە كۆتاییدا ئەوەش هاتووە، لەم ڕووەوە بڕیاردرا لێژنەیەكی هاوبەش كار لەسەر ئامادەكردنی ڕەشنووسی ئەو بەرنامەیە بكات، بۆ كۆبوونەوەی ئایندە.