هەسەدە ڕایگەیاند هەوڵەكان بە نێوەندگیری ئەمریكا بۆ ڕاگەیاندنی ئەگربەستێكی هەمیشەیی لە رۆژئاوای كوردستان سەركەوتو نەبون.
هێزەكانی سوریای دیموكرات(هەسەدە) دەربارەی ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە ناوچەكانی مەنبج و كۆبانێ لەگەڵ توركیا و چەكدارەكانی هاوپەیمانی، ڕایگەیاند، هەوڵەكان بە نێوەندگیری ئەمریكا بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەستێكی هەمیشەیی لەو ناوچانە شكستیهێنا.
هەسەدە هۆكاری سەرنەكەوتنی ئاگربەستە بۆ خۆ دزینەوەی توركیا لە جێبەجێكردنی خاڵە سەرەكیەكانی ڕێككەوتنەكە، دەگەڕێنێتەوە
بەگوێرەی رێككەوتنەكە، دەبوایە شەڕڤانانی ئەنجومەنی سەربازی مەنبج و هاووڵاتیان لە مەنبجەوە بگوازرێتەوە بۆ ناوچە ئارامەكانی باكور و رۆژهەڵاتی سوریا و بابەتێكی دیكەش گواستنەوەی روفاتی سلێمان شا بوو.
هاوكات مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هەسەدە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس ڕایگەیاند، بەگوێرەی ڕێككەوتنە نێودەوڵەتیەكان، لەسەر بڕیاری خۆمان سورین بۆ هاوكاری كردن و كردنەوەی ڕێگا بۆ گەڕاندنەوەی روفاتی سلێمان شا بۆ شوێنی پێشوی لە سنوری پارێزگای حەڵەب.