هەسەدە: تورکیا پلان بۆ هێرشکردنە سەر کۆبانێ دادەنێت

هەسەدە ئاشکرای دەکات " تورکیا پلانی هەیە هێرش بکاتە سەر کۆبانێ و گرووپەکانی نزیکی پڕچەک کردوون و گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێویستە لەم ساتەدا لەگەڵ کۆبانێ بوەستن".

هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە،" تورکیا بە هاوکاریی هێزەکانی نزیکی، هێرشی کردە سەر بەنداوی تشرینی. دوای پێنج ڕۆژ توانیمان هێرشەکانی سەر بەنداوەکە تێکبشکێنین".

دەشڵێت" تورکیا چەکدارەکانی پڕچەککردوون و خۆیان ئامادە کردووە بۆ ئەوەی هێرش بکەنەسەر کۆبانێ و ڕۆژانەش بەردەوامن لە هێرشەکانیان".

ئاماژەی بەوەشكردووە، ئێمە شەڕی داعشمان کردووە و بەردەوامین. هەموو دنیا ئەم شەڕکردنەی ئێمەی بەرز نرخاند، بەڵام بەداخەوە لەجیاتی ئەوەی ئێستا رووبەڕووی داعش ببینەوە، تورکیا پلانی هێرشکردنەسەر کۆبانێ دادەنێت. هەموو دنیاش دەزانێ کە داعش لە کۆبانێ تێکشکێندرا.

جەختیشی كردۆتەوە، چەکدارەکانیان ئامادەن پارێزگاریی لە خاکەکەیان بکەن و "وانەیەک" بە گرووپە چەکدارەکان دەدەن.

هەسەدە داوا لە گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات "لەم ساتەدا لەگەڵ کۆبانێ بوەستن”.



PM:06:04:17/12/2024