فەرماندەی هێزەکانی هەسەدە، مەزڵوم عەبدی بۆ بەرگرتن لە هەڕەشەکانی تورکیا، داوا دەکات ناوچەی کوبانێ بکرێتە ناوچەیەکی داماڵراو لە چەک و لە ژێر سەرپەرشتی هێزەکانی ئەمەریکادا.
شەوی ١٧ ی کانوونی دووەم مەزڵوم عەبدی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی X لە پۆستێکدا دەڵێت" وەک پشتڕاستکردنەوەی پابەندبوونی پتەوی خۆمان بۆ گەیشتن بە ئاگربەستێکی هەمەلایەنە لە سەرتاسەری سوریا، ئامادەیی خۆمان ڕادەگەیەنین بۆ پێشکەشکردنی پێشنیارێک".
فەرماندەی گشتی هەسەدە پێشنیارەکەی دەخاتەروو و دەڵێت" بۆ دامەزراندنی ناوچەیەکی داماڵراو لە چەک لە شاری کۆبانی، لەگەڵ دووبارە دابەشکردنەوەی هێزە ئەمنییەکان لەژێر چاودێری و ئامادەبوونی ئەمریکادا".
لە کۆتاییدا مەزلوم عەبدی دەڵێت " ئەم دەستپێشخەرییە ئامانجی چارەسەرکردنی نیگەرانییە ئەمنییەکانی تورکیا و دەستەبەرکردنی سەقامگیریی هەمیشەییە لە ناوچەکەدا".
ئەوە لە کاتێکدایە تورکیا پەیتا پەیتا هێز راپێچی ناوچەکانی نزیک کوبانێ و بەنداوی تشرین سەر رووباری فورات دەکات بەمەبەستی داگیرکردنی ئەو ناوچە کوردیانە.