ئەنەکەسە داوا لە مەزڵوم کوبانێ دەکات خۆی وەک نوێنەری کورد بناسێت


نوێنەری پارتی یەکێتیی کوردستانی سووریا ( ئەنەکەسە)لە هەرێمی کوردستان، مەرجەکانی حزبەکەی بۆ دانوستان لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات ئاشکرا دەکات و دەڵێت، " نوێنەرمان لە دیمەشقە ئەگەر دانوستان سەرنەگرێت، خۆمان لەگەڵ تەحریر شام کۆدەبنیەوە". 
  
نەواف رەشید، نوێنەری پارتی یەکێتیی کوردستانی سووریا لە هەرێمی کوردستان بە میدیاکانی نزیک پارتی راگەیاندووە کە ئەوان تا ئێستا جیاوازیان لەگەڵ هەسەدە هەیەو دەڵێت "تاوەکو ئێستا وەکو دوو لایەنین و بۆچوونمان لەبارەی سووریا جیاوازە و نەمانتوانیوە رێکبکەوین و یەکڕیز بین"و جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە هەموو ئەو ناهەقیانەی بەرامبەریان کراوە لە ١١ ساڵی رابردوودا ئامادەن وەلای بنێن.

ناوبراو مەجەکانی ئەنەکەسە کە سێ مەرجە بیخاتەڕوو و دەڵێت" مەزڵوم عەبدی خۆی وەکو نوێنەری کورد و رۆژئاوای کوردستان بناسێنێت و بڵێت من نوێنەری کوردم و لە رۆژئاوای کوردستانم، نەک نوێنەری منبج و رەققە، هەروەها دەبێت مەزڵووم عەبدی بە تورکیا بڵێت، ئەوان پەکەکە نین، هەروەها دەبێت بە روونی پێیان بڵێت کە ئەوان دژی تورکیا نین."
 
نەواف رەشید دووپاتیکردەوە "مەترسییەکی گەورەی سەربازی لەسەر کۆبانێ و رۆژئاوای کوردستان هەیە، دەبێت بیانووەکانی تورکیا ببڕدرێن تاوەکو هێرش نەکات، دەبێت لە رۆژئاوای کوردستانەوە متمانە بۆ تورکیا دروست بکرێت".

 
 ئەوە لە کاتێکدا کە نوێنەرانی ئەمەریکا و بەریتانیا لە ناوبژیوانی نێوان هەسەدەو ئەنەکەسە لە گفتوگۆدان، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو دیالۆگە دەستپێنەکراوە و دانوستاندنی راستەوخۆش لەنێوان ئەنەکەسە و مەزڵووم عەبدی دا نییە.

عەبدولحەکیم بەشار، جێگری سەرۆکی هاوپەیمانیی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و نوێنەری ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد ( ئەنەکەسە) چەند رۆژێکە لە دیمەشقە، بەڵام هیچ کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ دەستەی تەحریر شام و ئەحمەد شەرع نەکردووە. 




PM:02:29:18/12/2024