ئەڵمانیا: هاوکار دەبین لە پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی سووریا

راوێژکاری ئەڵمانیا جەختی لەوە کردەوە کە هاوکار دەبن لە پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی سووریا و وتی"هەوڵدەدەین سووریایەک بێت، کە داهاتووی باشی هەبێت." 

ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا سەبارەت بە دۆخی سوریا لە لێدوانێکدا بە میدیای پارتی راگەیاند" جێگەی خۆشحالییە رژێمی ئەسەد، کە دیکتاتۆرێک بوو، کۆتایی هات، ئەو چەندین کەسی میللەتی خۆی کوشتووە، ئەشکەنجەی داون، سزایداون و بووەتە هۆی کارەسات، هەروەها ناهەقیی بەرامبەر میللەتی خۆی کردووە؛ ئەمە کۆتایی هات".
 
ناوبراو جەختی لەوەشکردەوە کە خەڵکی سووریا مافی ئەوەیان هەیە لە ئارامی و ئاشتیدا بژین لەنێوان خۆیان و لەگەڵ دراوسێکانیشیاندا. یاسا لە وڵاتەکەدا پەیڕەو بکرێت، یاسا سەروەربێت و دیموکراسی پەیڕەو بکرێت لەو وڵاتە دا کە بەهۆیەوە هەموو نەتەوە و ئایین و پێکهاتە جیاوازەکان بەیەکەوە بژین.
 
راوێژکاری ئەڵمانیا وتیشی" ئێستا سەیر دەکەین هاوکار بین لە پرۆسەی پێکهێنانی حکومەت (ـی سووریا)، ئێمە تەماشای ئەوە دەکەین، کە سووریایەک بێت داهاتوویەکی باشی هەبێت".




PM:10:33:18/12/2024