"بەڕێوەبردنی پۆستی سەرۆکی حکومەت لەنێوان پارتی و یەکێتیدا بە شێوەی ٢ ساڵ بە ٢ ساڵ باشترین ئەزمونە"

ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان دەڵێت" ئەزموونی بەڕێوەبردنی پۆستی سەرۆکی حکومەت لەنێوان پارتی و یەکێتیدا بە شێوەی (دووساڵ بە دووساڵ) "ئەزموونێکی سەرکەوتوو، و یەکێتی لە کابینەی پێشوودا وەکو هاوبەشێکی حکومرانی رۆڵی نەبووە ".
 
لوقمان وەردی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ میدیای پارتی رایگەیاند"  "پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی بە هەوراز و نشێویی زۆردا تێپەڕین لە ماوەی رابردوو و ئێستاش گرفتەکان زۆرن و تێپەڕاندن و چارەسەرکردنیان کاتی پێویستە." 

راشیگەیاند" ئەزموونی بەڕێوەبردنی پۆستی سەرۆکی حکومەت لەنێوان پارتی و یەکێتیدا بە شێوەی (دووساڵ بە دووساڵ) "ئەزموونێکی سەرکەوتوو" بووە و یەکێتی خوازیارە لە کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەمان ئەزموون دووبارە بکرێتەوە،  یەکێتیلە کابینەی پێشوودا وەکو هاوبەشێکی حکومرانی رۆڵی نەبووە".

 
لوقمان وەردی وتیشی" پارتی و یەکێتی، لە دوایین کۆبوونەوەیاندا بڕیاریاندا لیژنەیەک بۆ داڕشتنی بەرنامەیەکی هاوبەش بۆ پێکهێنانی حکومەت پێکبهێنن، دوای سەری ساڵ، لیژنەی هاوبەشی پارتیی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ پێکهێنانی حکومەت کۆدەبنەوە."
 
بەوتەی وەردی حیزبەکەی لە کابینەی پێشوودا وەکو هاوبەشێکی حکومرانی رۆڵی نەبووە و دەڵێت "نامانەوێت ئەزموونی کابینەی ٩ دووبارەبکەینەوە، لە کابینەی پێشوو بەشداری حکومەت بووین، نەک هاوبەش و پێویستە یەکێتی لەم کابینەیەی حکومەتدا رۆڵی زیاتری هەبێت و هاوبەشی راستەقینەی دەسەڵاتی جێبەجێکردن بێت."





AM:09:18:19/12/2024