وەزیری دەرەوەی توركیا دەڵێت" یەپەگە درێژكراوەی (پەكەكە)یە لە سووریا، ئاماژە بەوەش دەكات، داوایان لە ئیدارەی ئەمریكا كردووە كە یارمەتییە سەربازییەكانی بۆ هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) بوەستێنێت".
رۆژی پێنجشەممە، هاكان فیدان، وەزیری دەرەوەی توركیا لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ كەناڵی جەزیرەی قەتەری داوای لە بەرپرسانی سووریای نوێ كرد كە پرسی هێزە كوردییەكان لەو وڵاتە چارەسەر بكەن.
هاكان فیدان وتی"ئێستا ئیدارەیەكی نوێ لە دیمەشق هەیە. پێم وایە ئێستا ئەم پرسە خەمی ئەوانە. هەر بۆیە ئەگەر ئەوان ئەو پرسە بەشێوەیەكی گونجاو چارەسەر بكەن، هیچ هۆكارێك نابێت بۆ ئەوەی ئێمە دەستوەردانی تێدا بكەین."
وەزیری دەرەوەی توركیا یەكینەكانی پاراستنی گەڵ (یەپەگە)ـی وەكو "درێژكراوەی" پەكەكە لە سووریا ناوبرد. وتی، یەپەگە وا خۆی دەردەخات كە لە شەڕی دژی رێكخراوی داعش یارمەتی رۆژئاوا دەدات، بەڵام "پێموایە ئەوە چەواشەكارییە بۆ ناسنامەی راستەقینەیان. ئەوان رێكخراوێكی تیرۆریستین."
هەروەها هاكان فیدان ئاماژەی بەوەشكرد، "بەداخەوە، دۆستەكانی رۆژئاوامان... چاوپۆشی لەو راستییە دەكەن كە یەپەگە درێژكراوەی پەكەكەیە."
لەبارەی هێزەكانی سووریای دیموكراتیش، هاكان فیدان هەڵوێستی ئەنقەرەی دووپاتكردەوە و گوتی، ئەنقەرە داوای لە واشنتن كردووە كە هاوكارییە سەربازییەكانی بۆ هەسەدە رابگرێت.
وەزیری دەرەوەی توركیا وتەكانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكای لەبارەی سووریا رەتكردەوە كە رایگەیاندبوو، "توركیا بەشێوەیەكی نادۆستانە دەستی بەسەر سووریادا گرت."
هاكان فیدان لەوبارەیەوە وتی"ئێمە بە دەستبەسەرداگرتن ناوی نابەین، چونكە هەڵەیەكی گەورە دەكەین ئەگەر ئەوەی لە سووریا روودەدات بەوشێوەیە بیخەینەڕوو. بۆ گەلی سووریا، ئەمە دەستبەسەرداگرتن نییە. پێم وایە ئەگەر دەستبەسەرداگرتنێك هەبێت، ئیرادەی گەلی سووریایە كە ئێستا دەستی بەسەردا دەگیرێت."