بارزانی: پێویستە پێکهێنانی حکومەت لەسەر بنەمای دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردن بێت

سەرۆکی پارتی رایدەگەیەنێت" حزبەکەی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان بەردەوامە لە کۆبوونەوە بۆ خێراکردنی پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت"، دەشڵێت" پێویستە پێکهێنانی حکومەت لەسەر بنەمای دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردن بێت". 

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی بارەگای بارزانی، ئەمڕۆ پێنج شەممە لە سەلاحەددین مەسعود بارزانی پێشوازی لە یان بریم کونسوڵی گشتی فەرەنسا لە هەولێر کرد، لەو دیدارەدا گفتوگۆ لەبارەی هەنگاوەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەرئەنجامی کۆبوونەوەی لایەنەکان کرا. 

بارزانی تیشکی خستە سەر ناوەرۆکی کۆبوونەوەی پارتی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان و ڕاشیگەیاند" بەردەوامن لە کۆبوونەوە و دیالۆگی هاوبەش لەگەڵ لایەنەکان بۆ خێراکردنی ئەم پڕۆسەیە و پێکهێنانی حکومەت لەسەر بنەمای دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردن". 

پەیوەست بە پرسی سووریا، مەسعود بارزانی هیوای دەستەبەربوونی ئارامی و خۆشگوزەرانی بۆ خەڵکی سووریا خواست و وتی" پێویستە بە دیالۆگ و لێکتێگەیشتن پرسە ناوخۆییەکان چارە بکەن و لەم چوارچێوەیەشدا بارودۆخی کورد لە سووریا لەبەر چاو بگیرێت لەسەر بنەمای خواستی خۆیان بۆ مافەکانیان لە داهاتووی سووریا". 



PM:05:01:19/12/2024