لە کەرکوک تیمێکی پزیشکی سەرکەوتوو دەبن لە ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکی دەگمەن

تیمێکی پزیشکی لە نەخۆشخانەی ئازادی فێرکاری لە کەرکوک، ڕایدەگەیەنن" نەشتەرگەرییەکی دەگمەن و ئاڵۆزیان بۆ ژنێکی تەمەن ٥٤ ساڵان ئەنجامداوە کە بەدەست سەختی خواردن و خواردنەوە دەناڵێنێت و ئەگەر نەبوایە، نزیک بوو لە مردن". 

بێلین عومەر بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە، ئەمڕۆ پێنج شەممە لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" تیمێکی پزیشکی تایبەتمەند سەرکەوتوو بوون لە ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکی دەگمەن کە پێکهاتبوو لە کردنەوەی سنگ و بڕینی ماسولکەکانی سورێنچک بۆ نەخۆشێکی تەمەن ٥٤ ساڵ کە تووشی ئازار بوو لە نەتوانینی قوتدانی شلەمەنی و خۆراکدا، بەهۆی شلبوونەوە و تەسکبوونەوەی سورێنچکەوە". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەگەر وەڵامی خێرا لەلایەن تیمی پزیشکییەوە نەبوایە، باری تەندروستی تێکدەچوو.

لای خۆشییەوە هەرمان یاسین پزیشکی پسپۆڕی نەشتەرگەری سنگ و خوێنبەرەکان کە سەرپەرشتیاری نەشتەرگەریەکە بووە، دەڵێت" نەخۆشەکە بەدەست نەتوانینی قووتدانی شلە و خۆراکەوە دەیناڵاند، بەهۆی شلبوونەوە و تەسکبوونەوەی سورێنچکەوە، بەڵام دوای ئەنجامدانی پشکنینی کلینیکی و تاقیگەی و تیشکی، ناچار بووین نەشتەرگەری بۆ بکەین". 

وتیشی" ئەو نەشتەرگەرییە بۆ کردنەوەی سنگی، بڕینی ماسولکەکانی سورێنچک، و کردنەوەی گرژبوونی سورێنچک، و بە سەرکەوتووی ئەنجامدراوە، ئەمەش بە یەکێک لە نەشتەرگەرییە دەگمەنەکان دادەنرێت و دوو کاتژمێری بەردەوامی خایاند".

ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێستادا باری تەندروستی نەخۆشەکە جێگیرە و بە تەندروستییەکی باشەوە لە نەخۆشخانە دەرچووە. 



PM:06:08:19/12/2024