لەبەر نیگەرانی لە یەکێتی خاکی سوریا و هاوتەریب لەگەڵ ئەو گۆڕانکاریانەی لە سوریادا ڕوویانداوە، ئیدارەی خۆسەری دیموکراتی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا باجی گومرگی نێوان هەرێمەکانی و ناوچەکانی تری سوریای هەڵوەشاندەوە.
سەرۆکایەتی هاوبەشی ئەنجومەنی جێبەجێکاری ئیدارەی خۆسەری دیموکراتی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا فەرمانێکی ژمارە (٣٢)ی دەرکرد، بەپێی ئەو فەرمانە گومرگی نێوان ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکرات و ناوچەکانی تری سوریای هەڵوەشاندەوە، کە تێیدا هاتووە لەبەر خەمی ئێمە لە ئیدارەی خۆسەر بۆ یەکگرتووی خاکی سوریا و هاوتەریب لەگەڵ ئەو گۆڕانکاریانەی کە لە سوریادا ڕوویانداوە، لەوانە ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، هەروەها ئەو ڕاستییەی کە ئەو ڕێکارانەی کە پەیڕەوکران دەرئەنجامی هەلومەرجی ناوازە و ئەمنی کە ناوچەکە شاهیدی بوو و گەمارۆدانی ڕژێم بۆسەر ناوچەکانمان و نەمانی ئەو هەلومەرجانە".
سەرۆکایەتی هاوبەشی ئەنجوومەنی جێبەجێکاری ئیدارەی خۆسەری دیموکراتی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، لە فەرمانەکەیدا ئەم بڕیارانەی دا کە بریتین لە:
- هەڵوەشاندنەوەی باجی گومرگی و ڕسومات و باجەکانی تر لە نێوان هەرێمەکانی ئیدارەی خۆسەر و ناوچەکانی تری سوریا.
- ئەم فەرمانە لە بەرواری دەرچوونیەوە کاری پێدەکرێت.
- هەرکەسێک پێویستە جێبەجێی بکات ئاگاداری دەکاتەوە.