لە بۆردومانێکی تورکیادا دوو ڕۆژنامەنووس گیانیان لەدەستدا

لە ئەنجامی بۆردومانێکی دەوڵەتی تورکیا لە باشووری کۆبانێی ڕۆژئاوای کوردستان پەیامنێرێک و ڕۆژنامەنووسێکی (ئاژانسی هەواڵی هاوار) گیانیان لەدەستدا.

کەمێک پێش ئێستا ئاژانسی هەواڵی هاوار بڵاویکردەوە" پەیامنێری ئاژانسەکەمان جیهان بێلکین و ڕۆژنامەنووس نازم دەشتان لەلایەن فڕۆکەکانی سوپای تورکیاوە کرانە ئامانج". 

ئاژانسەکە ڕاشیگەیاندووە" پەیامنێری ئاژانسەکەمان، جیهان بێلکین، بە یاوەری نازم دەشتان، بەدواداچوونی بۆ هێرشەکانی تورکیا و گروپەکانی کردووە بۆ سەر بەنداوی تیشرین و پردی قەرقۆزاک". 

دەشڵێت" هەڤاڵانمان جیهان بێلکین و نازم دەشتان دوێنێ پێنج شەممە لە کاتی ئەنجامدانی کاری ڕۆژنامەوانییاندا هێرشکراوەتە سەریان". 

ئاژانسی هاوار ئەوەشی خستەڕوو، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی دەوڵەتی تورکیا لە کاتژمێر (٣:٢٠) خولەکی پاشنیوەڕۆ ئۆتۆمبێلێکی کردە ئامانج کە تێیدا دەڕۆیشتن لەسەر ڕێگای بەستنەوەی بەنداوی تیشرین و شارۆچکەی سارین، ئەمەش بووە هۆی گیان لەدەستدانیان و برینداربوونی شۆفێری ئۆتۆمبێلەکەیان بەناوی عەزیز حاج بوزان. 



AM:08:39:20/12/2024