وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پنتاگۆن) ژمارەی ڕاستەقینەی سەربازەکانی لە ڕۆژئاوای کوردستان و سوریا ڕاگەیاند و دەڵێت" ژمارەی سەربازەکانمان بۆ دوو هەزار کەس زیاد کردووە".
وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پنتاگۆن)، لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" لە ئێستاوە دوو هەزار سەرباز لە سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان هەن کە ژمارەیەکی زۆر زیاترە لەو ژمارەیەی پێشتر ڕاگەیەندرابوو کە ژمارەیان ٩٠٠ سەرباز بوون".
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو سەربازە زیادانە هێزی کاتین کە بۆ پشتیوانیکردن لە ئەرکی بەرەنگاربوونەوەی ڕێکخراوی داعش نێردراون.
هەروەها لای خۆشییەوە وتەبێژی پنتاگۆن ژەنەراڵ پات ڕایدەر، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە" نازانێت ژمارەی سەربازەکان تا چەند گەیشتووەتە دوو هەزار سەرباز، بەڵام ڕەنگە لانیکەم چەند مانگێک پێش ئێستا و پێش ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، سەرۆکی دوورخراوەی سوریا بووبێت".
هەفتەی ڕابردووش جۆن فاینەر جێگری ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا، وتی" هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا دەمێننەوە، بۆ ئەوەی ئەرکێکی گەورە لەوێ تەواو بکرێت، ئەمەش دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد".