ئەبوبەکر هەڵەدنی: لە یەکگرتوودا جێگای ئیخوانی، سەلەفی، جیهادی، سۆفی دەبێتەوە، جێگای کوردستانیەک نابێتەوە


ئەبوبەکر هەڵەدنی ئەندامی پێشووی مەکتەبی سیاسی یەکگرتوو هۆکاری دوورخستنەوەی لە کۆنگرەی نۆ دەخاتەڕوو و دەڵێت" لە یەکگرتوودا جێگای ئیخوانی، سەلەفی، جیهادی، سۆفی دەبێتەوە جێگای کوردستانیەک نابێتەوە".

ئەمشەو هەینی ٢٠ کانوونی یەکەم ئەبوبەکر هەڵەدنی، کادیری دیاری یەکگرتوو هۆکاری دوورخستنەوەی لە کۆنگرەی ٩ ی حزبەکەی لەگەڵ پێنج کادیری پێشکەوتووی تری ئەو حزبەدا لە رێگای راستەخۆیەکی فەیبسووک لە هەژماری خۆی بڵاودەکردەوە.

لە میانەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد کە حزبەکەی " دەیشکێنێت و تۆمەتباری دەکات"و، باس لەوەش دەکات، هەر رۆژەو تۆمەتێکیان بۆ دروستکردووە، رۆژێک دەڵێن؛ بوونەتە پەکەکە، رۆژێکی تر دەڵێن: گۆڕان، نەوەی نوێ و، هتد.

ئەو کادیرە دیارەی یەکگرتووی ئیسلامی باس لە هۆکاری دوورخستنەوەی دەکات لە کۆنگرەو ئاماژە بەوە دەکات لە سەر یاسای سەرۆکایەتی هەرێم درووخراوەتەوەو وتی" من لەگەڵ هەبوونی سەرۆکایەتی هەرێمدا نیم و ئەو پۆستە بۆ رازیکردنی و دابەشکردنی پۆستەکانی هەرێم و بەغدا دروستکراوە لە نێوان یەکێتی و پارتیدا".

هەروەها ئەوەشی خستەڕوو کە هۆکارێکی تری دوورخستنەوەی ئەو دەنگە زۆرانە بووە کە لە کۆنگرەی ٧ دا بەدەستی هێناوەو لە پێشەوەی دەنگی هەموو ئەندامانی کۆنگرەوە بووە.

هۆکارەکەی تریش دەگەڕێنێتەوە بۆ هەڵوێستی نەتەوەیی و نیشتمان پەروەرێتی.

ئەبوبەکر هەڵەدنی باس لەوە دەکات کە شەش ساڵە ناتوانێت لەگەڵ یەک رێکخستنی یەکگرتوودا دیدار بکات، هەروەها دەرگای میدیاکانی یەکگرتووی لێ داخراوە.

ئاماژە بەوەش دەکات کە ئەوان لە گفتۆگۆدان لەگەڵ ئەنجومەنی جێبەجێکردنی یەگرتوو بە مەبەستی چارەسەرکردنی ئەو کێشەیەو دەڵێت" یەکگرتوو بە موڵکی خۆمان دەزانین تا ئەو ئەندازەیەی جێگامان تیادا دەبێتەوە".





PM:11:19:20/12/2024