مامۆستایانی گرێبەست ئەمڕۆ شەممە گردبوونەوە و نیگەرانی خۆیان لە دواکەوتنی خەرجکردنی مووچەکانیان دەربڕی و دەڵێن" تا ئێستا مووچەی مانگی ١٠مان بۆ خەرجنەکراوە".
نوێنەرانی مامۆستایانی گرێبەست، ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایانگەیاند" وەزارەتی دارایی هێشتا پابەند نەبووە بە خەرجکردنی مووچەی ئەو وانەبێژانەی کە بە بڕیارێکی سەرۆکی حکومەت کرابوون بە گرێبەست، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئەم دواکەوتنە نوێنەرایەتی پێشێلکردنی ئەو بڕیارانە دەکات کە لەلایەن خودی سەرۆکی حکومەتەوە دەرچووە".
دەشڵێن" ئەو پرسە تایبەتە بە مافە سەرەتاییەکانی زیاتر لە ٣٨ هەزار وانەبێژ کە لە وەزارەتی پەروەردە گواستراونەتەوە بۆ گرێبەستەکان، بەڵام ماوەی چوار مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە".
هەروەها داواش لە مەسرور بارزانی دەکەن هەڵوێستی خۆی لەم بارەیەوە ڕوون بکاتەوە، جەختیش دەکەنەوە کە دواخستنی خەرجکردنی مووچە متمانە بە بڕیارەکانی حکومەت لاواز دەکات و کاریگەری لەسەر متمانەی لایەنە پەیوەندیدارەکان دەبێت.
هاوکات داوایان لە مامۆستایانی گرێبەستی سەرجەم پارێزگاکان کرد هەڵوێستێکی یەکگرتوو بگرنەبەر ئەگەر بەمشێوەیە بەردەوام بێت، (ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەگەری بایکۆتکردنی هۆڵەکانی خوێندن ئەگەر دواکەوتنەکە لە سی ڕۆژی دیکە زیاتر بێت، بە ئامانجی فشارخستنە سەر بڕیاردەرەکان بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی دیکە)
ئەوەشیان خستەڕوو، تا ئێستا مووچەی مانگی ١٠مان پێنەدراوە و داوای سێ مووچەی كۆتایی ساڵ دەکەن.
لەم لینکەوە ڤیدیۆی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکە ببینە