کەشناسێک پێشبینییەکان بۆوەرزی زستان و پێشبینیەکانی بەفر و بارانبارین بۆ ئەم وەرزە ئاشکرادەکات و ئاماژە بەوەدەکات کە زستانی ئەمساڵ ساردتر دەبێت و رێژەی باران و بەفری بارینیش زۆرتر دەبێت.
ئاراس جەبار شارەزای کەشناسی سەبارەت بە کەشوهەوای وەرزی زستانی ئەمساڵ رایگەیاند" سەرەتا لەرووی فەلەکیەوە وەرزی پایز کۆتای پێھات و ھەر وەک پێشبینیش کرابوو بارانبارینەکان تا رادەیەک کەمبوو لەخوار ئاستی ئاسایی بوو وە نارێکی لەباران و پەڵەدا ھەبوو بە جیاوازی ناوچەکان وە جیاوازی پایزی ئەمساڵ لەگەڵ چەند ساڵی ڕابردوو ئەوەبوو شەپۆلەکانی سەرما زووتر لە کاتی خۆی گەیشتە ناوچەکانمان ھەروەھا وشکە سەرمای سیبیری چالاکتربوو" .
ئەو کەشناسە دەشڵێت" لە دوێنێوە لە نێو وەرزی زستانداین و دیاردەی لانینای لاواز لە ناوەراستی زەریای ھێمن بەردەوامی ئەبێت بۆ مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢٥ دواتر چاوەروان دەکرێت لە مانگەکانی کۆتای وەرزی زستان لاوازتر ببێت و بگەرێتەوە باری ھاوسەنگی کە ئەم دیاردەیەش رۆڵ و کاریگەری جیھانی بەسەر گۆڕانکاریەکانی کەش و ھەواوە ھەیە بۆ ماوەی وەرزی یان درێژ خایانتر کە کەمبارانی ناوچەی رۆژھەڵاتی ناوەراست لەپایزی ئەمساڵدا ئەمە یەکێک بووە لە ھۆکارەکان لەپاڵ ھۆکارە سروشتیەکانی دیکەدا و وە گۆڕانی کەشوھەواش لەو نێوەندەدا یەکێکی دیکەیە لە ھۆکارەکان لەم ساڵانەی دوایدا کاردانەوەی ئەم دیاردانەی زیاترکردوە لەسەر کەشوھەوای ناوچەی و جیھانی بە شێوازی جۆراوجۆر ".
ئاشکراشی کرد، بە گوێرەی پێشبینیەکان و خوێندنەوە وەرزیەکان زستانی ئەمساڵی ٢٠٢٥ بەشێوەیەکی گشتی بۆ عێراق و سعودیە باکوری رۆژھەڵاتی سوریا و بەشێکی زۆری ناوچەکانی ئێران کەمبارانی و وشکی لە کەشوھەوادا درێژەی ئەبێت و لەناوچەکانی ھەرێمی کوردستانیش و رۆژھەڵات و باکوری کوردستان بەتایبەت ناوچە شاخاویەکان دۆخەکە باشتر ئەبێتەوە تا رادەیەک رێژەی بەفر و بارانبارین دەگەرێتەوە دۆخی نۆرماڵ و ئاسایی بەڵام لەناوچە نزمەکان لە سنوری گەرمیان و پارێزگای کەرکوک و ھەولێر پێشبینی دەکرێت رێژەی بارانبارین وەک پێویست نەبێت و ھاوشێوەی وەرزی پایز شەپۆلەکانی باران لەو ناوچانەدا کاریگەریان لاواز بێت.
ئاراس جەبار وتیشی" سەبارەت بە شەپۆلەکانی سەرما و بەفر بارین ئەمساڵ لەم رووەوە جیاوازتر ئەبێت زستانێکی ساردتر لەناوچەکەدا چاوەروان دەکرێت بەراورد بە ھەندێ لە ساڵەکانی پێشتر وە رێژەی دابارینمان بەبەفر زیاتر ئەبێت بەتایبەت لە ناوچە شاخاویەکان وە ھاتنی شەپۆلی بەھێزی سەرما و وشکە سەرما و بامان زۆر ئەبێت و سەنتەری شارەکانیش و بەشێک لەو ناوچانەش بێبەش نابن لەبارینی بەفر کە لە ساڵانی ڕابردوودا نەباریوە بەھۆی گەرمی وەرزی زستان و نەبوونی بارستە ھەوای ساردی چالاک".