لە شاری ڕەقە ١٨ چەکدار و تۆمەتبار دەستگیرکران

هێزەکانی سوریای دیموکرات بە هەماهەنگی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، شەوی ڕابردوو ئۆپەراسیۆنێکی بە ئامانجگرتنی شانەکانی داعش لە شاری ڕەققە ئەنجامدا، ئەم ئۆپەراسیۆنە بووە هۆی دەستگیرکردنی ١٨ چەکداری داعش. 

ئەمڕۆ یەکشەممە هێزەکانی سوریای دیموکرات - هەسەدە، لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە" لە ماوەی ئەم قۆناغە نا سەقامگیرییەدا ڕێکخراوی داعش سوودیان لەو ئاژاوەیە قۆستۆتەوە کە لە سووریادا زاڵ بوو بۆ دەستبەسەرداگرتنی زۆرێک لە کۆگاکانی چەک و بەرزکردنەوەی تواناکانی ئۆپەراسیۆنی خۆی". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو هێزانە دووپاتیانکردەوە کە چەکدارانی داعش توانیویانە کۆنترۆڵی خۆیان فراوانتر بکەن، بۆ ئەوەی ناوچە گوندنشینەکانی بیابانی سوریا بگرێتەوە، هەروەها ناوچە ستراتیژییەکانیش بگرێتەوە، لەنێویاندا شاری ڕەققە و دەوروبەری.

هەسەدە ڕاشیگەیاندووە" لە بەرامبەردا هێزەکانمان بە هەماهەنگی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، شەوی ڕابردوو ئۆپەراسیۆنێکیان ئەنجامدا کە شانەکانی داعشیان کردە ئامانج لە شاری ڕەقە، ئەم ئۆپەراسیۆنە بووە هۆی دەستگیرکردنی ١٨ ئەندامی داعش و ئەوانەی گومانیان لێدەکرێت هاوکارییان لەگەڵدا بکەن". 



PM:03:22:22/12/2024