ئەحمەد شەرع، سەرۆکی دەستەی تەحریر شام و هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆبوونەوە و ئەحمەد شەرع رایگەیاند"بەهیچ شێوەیەک رێگە نادەین هێزی چەکدار لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت هەبێت" هاکان فیدانیش ڕایدەگەیەنێت" یەپەگە و پەکەکە هیچ شوێنێکیان لە داهاتووی سووریا دا نابێتەوە".
ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٢ی کانوونی یەکەم ئەحمەد شەرع، فەرماندەی گشتیی دەستەی تەحریری شام و هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە دیمەشق کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییان کرد.
لە کۆنفرانسەکەدا ئەحمەد شەرع ڕایگەیاند"دەبێت ئەم بابەتە بە زووترین کات کۆتایی بێت. کاری لەپێشینەمان گەڕاندنەوەی چەکە بۆ ژێر دەسەڵاتی وڵات."
ئەحمەد شەرع وتیشی، تورکیا دۆستی گەلی سووریایە و "لە سەرەتای شۆڕشەوە لەگەڵمان وەستاوە" داواشی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات سزا ئابوورییەکانی سەر سووریا هەڵبگیرێن.
لای خۆیەوە، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە رایگەیاند: "سوریای داهاتوو هیچ رێکخراوێکی تیرۆریستیی تێدا نابێت.. یەپەگە و پەیەدە دەستیان بەسەر رووبەرێکی گەورەی خاکی سووریا دا گرتووە.. بیانووی ئەوەی کە پەکەکە و پەیەدە شەڕی دژی داعش دەکەن، بیانوویەکی قبووڵنەکراوە."
هاکان فیدان هاوکات گوتیشی کە لەگەڵ ئەحمەد شەرع "جەختمان لە رووبەڕووبوونەوەی رێکخراوە تیرۆریستییەکان کرد. رێگە بە هیچ رێکخراوێکی تیرۆریستی نادەین لە سووریا بمێنێتەوە.. یەپەگە و پەکەکە هیچ شوێنێکیان لە داهاتووی سووریا دا نابێتەوە."