پارتی دیموکراسی و یەکسانی گەلانی لایەنگری کورد لە تورکیا ڕایگەیاند، کۆبوونەوەکان لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری زیندانی پارتی کرێکارانی کوردستان لەم هەفتەیەدا دەست پێدەکات.
رۆژنامەی " ئەلشەرق ئەوسەت " بڵاویکردۆتەوە، کۆبوونەوە پێشبینیکراوەکان لە چوارچێوەی دەستپێشخەرییەکدا دێن کە لەلایەن سەرۆکی پارتی مەهەپە، دەوڵەت باخچەلی، هاوبەشی پارتی دادو گەشە لە "هاوپەیمانی گەل”دا پێشنیاری کردووە، بۆ دەستپێکردنی دیالۆگ لەگەڵ ئۆجەلان و بانگهێشتکردنی بۆ قسەکردن لە پەرلەمان بۆ ڕاگەیاندنی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە، هەروەها کۆتاییهێنان بە کێشەی " تیرۆر" لە تورکیا، لە بەرامبەریشدا لە بواری یاساییەوە ڕێگە خۆش دەکرێت بۆ ئازادکردنی ئۆجالان.
هەر لەو پەیوەندییەدا سێ هەفتە لەمەوبەر پارتی دیموکراسی و یەکسانی گەل داواکارییەکی پێشکەش بە وەزارەتی داد کرد بۆ ئەوەی ڕێگە بە نوێنەرانی ئەو پارتە بدرێت کە چاویان بە ئۆجەلان بکەوێت کە لە زیندانی دابڕاوی ئیمرالی لە دوورگەیەک لە دەریای مەڕمەڕە لە ڕۆژئاوای تورکیا دەستبەسەرە.
دەم پارتی لە بەیاننامەیەکدا، ڕایگەیاندووە، لەم هەفتەیەدا بڕیارە کۆبوونەوە لەگەڵ ئۆجەلان سازبکرێت و ڕەنگە زیاتر لە کۆبوونەوەیەک هەبێت و پرۆسەکە زیاتر لە مانگێک یان دوو مانگ درێژ ببنەوە و ئەو پێشنیازانەی لەم پرۆسەیەدا دەخرێنەڕوو یەکلاکەرەوە و چارەنووسازبن.
ناوەندە سیاسییەکانی تورکیا پێیانوایە کە ئامانجی کۆبوونەوەکانی ئۆجەلان دەستپێکردنی پرۆسەیەکی نوێ بۆ چارەسەرکردنی "کێشەی کورد” لە تورکیا بێت کە لە ساڵی ٢٠١٣ دەستیپێکرد و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لە ساڵی ٢٠١٥ کۆتاییەکەی ڕاگەیاند. سەبارەت بە داواکاری پارتەکە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ ئۆجالان، وەزیری دادی تورکیا یڵمات تونچ وتی: "ئەم پرۆسەیە بەردەوامە، و کاردەکەین بۆ دیاریکردنی ڕۆژێکی گونجاو”.
سەرچاوە حزبییەکان ناوی ئەو کەسانەی وا بڕیارە لە ئیمرالی چاویان بە ئۆجەلان بکەوێت ئاشکرا دەکات بەو پێیە، پەرلەمانتار سێری سۆرایا ئۆندەر کە پێشتر بەشداری دانوستانەکانی چارەسەری کێشەی پێشووی کوردی کردووە، هەروەها سیاسەتمەداری کورد، پەروین بوڵدان، هاوسەرۆکی پێشووی پارتی چەپی سەوز لەو کەسانە دەبن.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بۆ ئەوە کردووە کە ڕەنگە لایەنەکانی تری پەرلەمانیش بەشداری دانوستانەکان بکەن، لەوانە پارتی بزووتنەوەی نیشتمانی. ( وەک رۆژنامەی ئەلشەرق ئەوسەت دەڵێت).