بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی لە شاری هەولێر پێشوازیی لە شاندێکی باڵای پارتی یەکسانی و دیموکراتی گەلان (دەم پارتی) کرد کە پێکهاتبوون لە تولای هاتیمۆغولاری ئۆروچ، هاوسەرۆکی دەم پارتی و ئەبرو گونای، جێگری هاوسەرۆکی دەم پارتی و لێپرسراوی پەیوەندییەکانی دەرەوە و بەردان ئۆزتورک، گوتەبێژی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی دەم پارتی.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی نووسینگەی رۆژنامەوانی سەرۆکی یەکێتی، "لە کۆبوونەوەکەدا دۆخی سیاسیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەت سووریا گفتوگۆی لەبارەوەکرا و جەخت لە چارەسەری ئاشتییانەی کێشەکان و دوورکەوتنەوە لە بژاردەی شەڕ کرایەوە".
لە راگەیەندراوێکەدا ئاماژە بەوە کراوە "لەدرێژەی کۆبوونەوەکەدا هەردوولا جەختیان لە پاراستنی مافەکان و رێزگرتن لە ئیرادەی سەرجەم نەتەوە و پێکهاتەکانی سووریا بەتایبەت گەلی کورد کردەوە، داواشکرا هەمووان پێکەوە بە یەکسانی بڕیار لە چارەنووسی وڵاتەکە بدەن و قۆناغێکی نوێی حوکمڕانی بهێننە کایەوە".
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە "بافڵ تاڵەبانی پەرۆشیی یەکێتی بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی ئەرێنی لەسەر بنەمای هاوبەشیی راستەقینە بۆ داهاتووی سووریا دووپاتکردەوە و رایگەیاند، پشتیوانیی هەموو ئەو هەوڵانە دەکەین کە ئامانجەکەی پاراستنی مافەکانی گەلی کوردە لە سووریا، پاڵپشتیی گەلەکەشمان دەکەین لە رۆژئاوا بۆ سەرخستنی ئامانجەکانیان".
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، سەرۆکی یەکێتی هەوڵەکانی مەزڵوم عەبدی لەم قۆناغە هەستیارەدا بۆ پاراستنی ئارامیی ناوچەکە بەرزنرخاندووە و هیوایخواستووە هەموو لایەک بەهەمان رۆحییەتەوە هەوڵ بۆ چارەسەری کێشەکان بدەن.
راگەیەندراوەکە روونیدەکاتەوە "لەبەرامبەردا وەفدی باڵای دەم پارتی پێزانینان بۆ هەڵوێستی کوردستانییانەی سەرۆکی یەکێتی و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەربڕی کە وەک هەمیشە هاوکار و پشتیوانبوون بۆ پاراستنی مافی کورد و روونیان کردەوە، دەم پارتی بە سیاسەتێکی نیشتمانییانەوە کار بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیری دەکات، بێگومان هەوڵەکانیشمان لەپێناو پاراستنی مافەکانی گەلی کورد لە سووریا بەردەوامدەبێت".