سەرچاوەیەک بۆ سپی: مووچەی مانگی ١١ـی ئەمساڵ دەدرێت، بەڵام مووچەی مانگی ١٢ دەفەوتێت

سبەی لە بەغدا هەردوو لیژنەی تەکنیکی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق  لەگەڵ تەیف سامی کۆدەبنەوە ، مووچەی مانگی ١١ـی ئەمساڵ دەدرێت، بەڵام مووچەی مانگی ١٢ دەفەوتێت.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی بە سپی ڕاگەیاند:  ئێوارەی دوێنێ  لیژنە هاوبەشەکەی هەردوو وەزارەتەکانی دارایی کوردستان و عێراق کارەکانیان لەبارەی وردبینیکردن لە لیستی مووچە و شێوازی خەرجکردنی داهاتی ناوخۆ تەواو کرد. 

ئاماژەی بۆ ئەوەش کردوە: دوێنێ شەو شاندەکەی وەزارەتی دارایی عێراق گەڕانەوە بەغدا، شاندێکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردساتنیش هاوشانیان گەیشتنە بەغدا بەمەبەستی تاوتوێکردنی ڕاپۆڕتەکە و  چارەسەرکردنی کێشەکانی بەردەم ناردنی مووچەی مووچەخۆران بەتایبەت بۆ مانگەکانی ١١ و ١٢.

بە گویرەی سەرچاوەکە هەردوولا ڕاپۆرتەکەیان ئیمزا کردووە و کۆکبوون لەسەری ئەوەی هەرێمی کوردستان داواکارییەکانی بەغدا و پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە.

 ڕاپۆرتەکە بەو شێوەیە ئامادەکراوە کە وەزارەتی دارایی عێراق داوای کردبوو  لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤ـەوە تاوەکو مانگی ١١ـی ئەمساڵ، مانگ بە مانگ وردبینی بۆ کراوە و ڕێکخراوە کە چەند پارە هاتووە و چۆن خەرج کراوە، تەنانەت بە داهاتی ناوخۆشەوە داهاتەکە چەند بووە و لە چی خەرجکراوە و چۆن کورتهێنانی مووچەی پێ پڕکراوەتەوە.

 بڕیارە سبەی دووشەممە راپۆرتەکە ببرێتە بەردەم تەیف سامی بۆ ئەوەی بڕیار لەبارەی خەرجکردنی ٤٣٠ ملیارەکە بدات کە موناقەلە کرابوو، لەگەڵ پارەی مووچەی مانگی ١٢ هەرچەندە پارەی مانگی ١١ـیە، بەڵام وەزارەتی دارایی عێراق پێداگری دەکات لەوەی کە ئەم مووچەیە بۆ مانگی ١٢ـیە.

سەرچاوەکە ئەوەش دەخاتەروو:  لەو دوو مووچەیەی کە بەغدا نەیناردووە، مووچەی مانگی ١١ زامنە، بەڵام مووچەی مانگی ١٢ دەفەوتێت و ئەمساڵ نادرێت. چونکە بەغدا پێداگری لەوە دەکات کە سێ مووچەی ناردووە، بەڵام بە کەموکوڕی ناردوویەتی و تەنیا بەشی مووچەی دوو مانگ بووە. 

سبەی ئەنجوومەنی باڵای ئابووریی عێراق بە سەرۆکایەتیی فوئاد حوسێن کۆدەبێتەوە کە تەیف سایمی یەکێکە لە ئەندامانی ئەنجوومەنەکە، لەوێش باسی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەکرێ کە یەکێک لە کێشەکان نەبوونی سیولە و پارەی کاشە، ئەمەش ئەگەر چارەسەر نەکرێت گرفت بۆ مووچە لە سەرجەم عێراق دروست دەکات.

ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌ی‌ سبه‌ینێ‌ ٢٣ی‌ كانوونی‌ یه‌كه‌مه‌، به‌ڵام بڕیاره‌ سبه‌ینێ‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم كۆتایی به‌ دابه‌شكردنی‌ مووچه‌ی‌ مانگی‌ تشرینی‌ یه‌كه‌می‌ رابردوو بهێنێت .

ساڵی‌ پاریش حكومه‌تی‌ هه‌رێم مووچه‌ی‌ مانگه‌كانی تشرینی یه‌كه‌م ١٠، تشرینی دووه‌م ١١، كانوونی یه‌كه‌م ١٢ی ٢٠٢٣ی موچه‌خۆرانی هه‌رێمی دابه‌ش نه‌كرد.




AM:12:24:23/12/2024