سودانی لەسەر دۆزینەوەی گۆڕێکی بە کۆمەڵ پەیامێکی بە زمانی کوردی بڵاوکردەوە

سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە لەبارەی دۆزینەوەی گۆڕێکی بە کۆمەڵ لە سنووری پارێزگای سەماوە، پەیامێکی بە زمانی کوردی بڵاوکردەوە و دەڵێت" بەڵگەكانی تاوانە دڕندەكانی ڕژێمی پێشووی بەعس رۆژ لە دوای رۆژ ئاشكرادەبن". 

محمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە" سەرەڕای تێپەڕبوونی ساڵانێک بەسەر نەمانی دڕندەی بەعس و ستەمکاری لە دڵی عێراقییەکان، بەڵگەی تاوانە گوناهبارەکانی ڕژێمی پێشوو تا ئێستاش ڕۆژ لە دوای ڕۆژ دەردەکەون، بە نەوەکان بڵێین کە ڕادەی ئەو دڕندەییانەی کە گەلەکەمان لە ژێر دەسەڵاتی دیکتاتۆریدا ئەزموونی کردووە". 

سەرۆک وەزیرانی عێراق دەشڵێت" دۆزینەوەی گۆڕێکی بە کۆمەڵی نوێ کە پاشماوەی پاکی تەرمی خەڵکی سڤیل و منداڵ و ژنانی بێتاوانی گەلی کوردمان تێدایە، لە بیابانی سەماوە، کاروانی خوێن و خەبات و ئازار و دیارنەمان دەهێنێتە بەرچاو کە تێیدا گەلەکەمان لە ژێر دڕندەیی ڕژێمی ڕەگەزپەرستدا ئازاری چەشت". 

دوێنێ لە بیابانی سەماوە گۆڕێکی بەکۆمەڵ دۆزرایەوە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو کە کۆمەڵێک ژن و منداڵی کوردیان لەخۆگرتبوو، قوربانی تاوانەکانی ئەنفال بوون.



PM:03:42:23/12/2024