لیژنەی ئەمنی سلێمانی لەبارەی چارەنووسی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان دوابڕیار دەدات

لیژنەی ئەمنی پارێزگای سلێمانی ڕوونكردنەوەیەك سەبارەت بە ئۆتۆمبێلە بێ‌ سەرەتاكان بڵاودەكاتەوە و ڕایدەگەیەنێت، بڕیاری قەدەغەکردنی ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان لە ڕۆژی دەرچونییەوە تاکو ئەم ساتە وەک خۆی جێبەجێ دەکرێت و ھیچ گۆڕانگاری و پاشگەزبونەوێکی تیا نیە و نەکراوە.

لیژنەی ئەمنی سلێمانی لە ڕوونكردنەوەكەیدا ئاماژەی بەوەكردووە، " ھەواڵێکی ناڕاست و چەواشەکاری بڵاوکراوەتەوە دەربارەی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان و تیایدا ھاتووە، کە دوای سەری ساڵ و بەبڕیاری وەزارەتی ناوخۆ، ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان بەرامبەر بە بڕی ملیۆن و نیوێک ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان تۆمار دەکرێن".

لای خۆشییەوە هەر ئەمڕۆ عەمید ئاسۆ محەمەدئەمین بەڕێوەبەری هاتووچۆی سلێمانی لەبارەی چافرەنوسسی ئۆتۆمبێڵە بێسەرەتاکان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا دەڵێت" لیژنەی ئەمنیی سلێمانی بڕیاریداوە دەست بەسەر ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتادا بگیرێت و بڕیارەکەش بەردەوام دەبێت، تاوەکو ئێستاش نزیکەی ١٠٠ ئۆتۆمبێلی جۆراوجۆر دەستیان بەسەرداگیراوە".

بەڕێوەبەری هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی دەڵێت "چارەسەری ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا دەبێت لە رێگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقەوە بکرێت و پێکەوە بڕیاری لەسەر بدەن، چونکە تاوەکو ئێستا هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلەکان لە شارەکانی عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان بەردەوامە."

ڕوونکردنەوەێک لە لیژنەی ئەمنی پارێزگای سلێمانی:

لەیەکێک لە کەناڵەکانی راگەیاندن ھەواڵێکی ناراست و چەواشەکاری بڵاوکراوەتەو دەربارەی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان وتیایدا ھاتووە کە دوای سەری ساڵ و بەبڕیاری وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان بەرامبەر بە بڕی ملیۆن ونیوێک ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان تۆمار دەکرێن ، ئێمە وەک لیژنەی ئەمنی سلێمانی ئەم ھەواڵە سەرلەبەری ڕەت دەکەین و بەڕاشکاوی ڕایدەگەێنین کە ئەم ھەواڵە دوورە لە راستییەوە ، بەلای ئێمە داڕشتن و بڵاو کردنی ئەم ھەواڵە لەو کەناڵە کە ھیچ گرنگ نیە ناوھێنانی، مەرام ومەبەستێکی سیاسی و چەواشەکاری ئێجگار ئاست نزم و داماڵراو لە پرینسیپی کاری ڕاگەیاندن لەخۆ دەگرێت، ئەگەر وەزارەتی ناوخۆ ھەر بڕیارێک دەربکات ئەوا لەپەڕەی فەرمی وەزارەت و بەئاشکرا دەیخاتە ڕوو نەک پەنا بەرێت بۆ کەناڵێکی بەناو ڕاگەیاندنی لەو جۆرە.

ھەرکەناڵێکی راگەیاندن پەنا بەرێت بۆ ھەواڵی درۆ و ساختە و چەواشەکاری بێ گومان ھۆکاری سەرەکی بۆ مایەپوچبونی سیاسی وئیعلامی وجەماوەری دەگەڕێتەوە.

ئێمە وەک لیژنەی ئەمنی پارێزگای سلێمانی بۆ ھەموو لاێکی رادەگەێنین کە بڕیاری قەدەغەکردنی ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان لە ڕۆژی دەرچونییەوە تاکۆ ئەم ساتە وەک خۆی جێ بەجێ دەکرێت و ھیچ گۆرانگاری وپاشگەزبونەوێکی تیا نیە ونەکراوە وئامانجی سەرەکی لێوەی گەڕانەوەی شکۆی یاسا وپاراستنی ئەمنییەتی ھاوڵاتیان وچەسپاندن و بەرقەراربونی دادپەروەری کۆمەڵایەتییە و ئۆقرەیی ڕەوشی ھاتوچۆیە لە سەرشەقامەکانە .



PM:07:16:23/12/2024