هەسەدە لەبارەی کۆبوونەوەی ئەنەکەسە و مەزڵوم عەبدی راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە

فەرماندەیی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات)هەسەدە( بەیاننامەیەکی لەسەر ئەنجامی کۆبوونەوەکانی هێزە کوردییەکان لە ڕۆژئاوا بڵاوکردەوە.

هێزەکانی سووریای دیموکرات لە بەیاننامەکەیدا ئاماژەیان بەوەدا، بە ئامادەبوونی بەرپرسانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، کۆبوونەوەیەک لە نێوان فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات، جەنەڕاڵ مەزلوم عەبدی و سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نیشتمانی کورد لە سووریا بەڕێوەچوو، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بنیاتنانی پێگەیەکی یەکگرتووی کورد لە سووریای نوێ.

بەپێی بایاننامەکە، هەردوولا ڕێککەوتون لەسەر گرنگی بەردەوامبوونی کۆبوونەوەکان و خێراکردنی چارەسەرکردنی گرفتەکان و ئەوپرسانەی کە ناکۆکییان لەسەرە.

پارت و لایەنە کوردییەکانی رۆژئاوای کوردستان دوای کەوتنی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، بە ئامانجی یەکخستنی گوتاری کورد لە دانوستاندنەکانی لەگەڵ حکومەتی نوێی سووریادا دەستیان بە کۆبوونەوە کردووە، لە ناوەڕاستی ئەم مانگەشدا شاندێکی فەڕەنسی لەگەڵ ئەنەکەسە و پەیەنەکە لەسەر هەمان پرس کۆبوونەوە.




PM:08:44:23/12/2024