سەرۆک کۆماری تورکیا جەخت لە سووربوونی وڵاتەکەی لە ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانیان لە خاکی سووریا لە دژی رێکخراوەکان دووپاتکردەوە کە ئەو بە "تیرۆریستیی" ناویبردن.
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لەبارەی پێشهاتەکانی سووریاوە قسەی کرد و وتی" پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سووریا بۆ تورکیا هێڵی سوورە، و تورکیا لە یەکەم چرکەساتی قەیرانەکانی سووریاوە لەبەرەیەکی راست بووە و بێلایەن نابێت لەپاراستنی یەکێتیی خاکی سووریا، هەرگیز لەو بنەمایە پاشەکشە ناکەن".
لەبارەی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانیان لەناو خاکی سووریا، ئەردۆغان سووربوونی وڵاتەکەی لە ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانیان دژی رێکخراوەکان دووپاتکردەوە کە ئەو بە "تیرۆریستیی" ناویبردن، بە وتەی ئەو لە ئۆپراسیۆنەکاندا زیان بە هاوڵاتییانی سڤیل ناگەیەنن.
ئەردۆغان، راشیگەیاند" لە داهاتووی سووریا و ناوچەکەمان هیچ جێگەیەک بۆ داعش و پەکەکە و هیچ رێکخراوێکی تیرۆریستی نییە، پەکەکە و لق و پۆپەکانی یان خۆیان هەڵدەوەشێننەوە یان هەڵدەوەشێنرێنەوە".