لە دێرەزوور دوو چەکداری داعش کوژران

لە هێرشێکی ئەمریکا بۆ سەر سوریا دوو ئەندامی داعش کوژران و بارهەڵگرێکی چەکیش تێکشکێندرا.

فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (سێنتکۆم)، ئەمڕۆ سێشەممە لە بەیاننامەیەکدا لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس ڕایگەیاند" هێزەکانمان هێرشێکی ئاسمانی وردیان لە پارێزگای دێرەزۆر لە سوریا ئەنجامدا و بەهۆیەوە دوو ئەندامی داعش کوژران و یەکێکی دیکەش برینداربوو". 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە" تیرۆریستان بارهەڵگرێکی پڕ لە چەکیان دەگواستەوە کە لە کاتی هەڵمەتەکەدا لە ناوچەیەکدا ئەنجامدرا کە پێشتر لە ژێر کۆنترۆڵی ڕژێمی سوریا و ڕوسەکاندا بوو لەناوبران". 

ڕۆژی ١٦ی ئەم مانگەش فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا ئاماژەی بەوەکردبوو، هێزەکانیان چەند هێرشێکیان کردووەتە سەر چەند کامپێکی داعش و چەند ئەندامێکی لە سووریا کە لە ئەنجامدا ١٢ چەکداری داعش کوژراون.



AM:08:37:24/12/2024