"تەیف سامی لە ئەنجوومەنی وەزیران باس لە کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەکات"

ئەمڕۆ سێشەممە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆدەبێتەوە و لە کۆبوونەوەکەدا تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق باس لە کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەکات. 

ماڵپەڕی (بەغداد ئەمڕۆ)، لە هەواڵێکیدا بڵاویکردەوە" تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیراندا، کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تاوتوێ دەکات".

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە کۆبوونەوەکەدا وەزیری دارایی حکومەتی فیدراڵ سەبارەت بە کورتهێنانی مووچەی مووچەخۆران و پێداچوونەوە بە ژمارەیەک فایل لەبارەی کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم گفتوگۆ دەکات. 

پێشتر وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ زیاتر لە ٦٣١ ملیار دیناری، بۆ مووچه‌ی مانگی ١١ رەوانەی هەرێم کرد، بەڵام هێشتا وەزارەتی دارایی هەرێم وادەی دابەشکردنی ڕانەگەیاندووە و دەڵێت" ئەو پارەیە ٤٣٠ ملیار دینار کورتهێنانی هەیە". 

هەروەها سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وەزارەتی دارایی هەرێم ڕایگەیاندووە" حکومەت هەموو ڕێککارە تەکنیکی و کارگێڕییەکانی بۆ دابەشکردنی مووچە تەواو کردووە".

ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیارە ئەمڕۆ حکومەتی فیدراڵ بڕی ٤٣٠ ملیار دینار بۆ تەواوکاری مووچەی مانگی ڕابردوو بنێرێت. (ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئەگەر ئەو بڕە پارەیە ڕەوانەی هەرێم بکرێت، ئەوا مووچەی مانگی ١١ لەسەر هەمان لیستی مووچەی مانگی ١٠ دابەشدەکرێت)

پرسی مووچەی مووچەخۆران یەکێکە لە کێشە ئاڵۆزەکانی نێوان هەرێم و بەغداد، تا ئێستا چارەسەری بنەڕەتی بۆ نەدۆزراوەتەوە، ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر لایەنی ئابوری و گوزەرانی مووچەخۆرانی هەرێم دروستکردووە.



AM:09:26:24/12/2024