١٦ شەڕڤانی هێزەکانی سوریای دیموکرات گیانیان لەدەستدا

بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە هێزەکانی سوریای دیموکرات گیان لەدەستدانی ١٦ شەڕڤانی لە ڕیزەکانی خۆی ڕاگەیاند کە لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشەکانی تورکیا و هاوپەیمانەکانی کراونەتە ئامانج. 

ئەمڕۆ ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، بەیاننامەیەکی بۆ ڕای گشتی بڵاوکردەوە، تیایدا گیان لەدەستدانی ١٦ شەڕڤانی ڕاگەیاندووە کە لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشەکانی سوپای تورکیا و هاوپەیمانەکانی بۆ سەر ناوچەکە کراونەتە ئامانج و تێیدا هاتووە" 
لە کاتی بەرخۆدانی هێزەکانمان لە بەرامبەر هێرشەکانی تورکیا و هاوپەیمانەکانی بۆ سەر ناوچە جیاجیاکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ١٦ هەڤاڵمان شەهید بوون، دوای ئەوەی بەرزترین نیشانەکانی بەرخۆدان و قوربانیدانیان نیشاندا و هێرشەکانی تورکیایان پووچەڵکردەوە". 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە" هاوڕێ شەهیدەکانمان نوێنەرایەتی ئەو ڕۆحە نیشتمانپەروەری و ئەخلاقییە بەرزەیان دەکرد لە بەرگریکردن لە گەل و پێکهاتەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشەکانی تورکیا و هاوپەیمانەکانی بۆسەر لادێکانی حەلەب و مەنبەج و پردی قەرا قۆزاک و بەنداوی تیشرین و ڕۆژهەڵات لادێکانی دێر ئەززۆر". 

هەر دوێنێ هێزەکانی سوریای دیموکرات - هەسەدە گیان لەدەستدانی ١٥ شه‌ڕڤانی لە لادێکانی (حەلەب، مه‌نبج و پردی قەرەقۆزاك و بەنداوی تشرین و دێرەزور لە بەرخۆدانی پاراستنی خەڵکی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا) ڕاگەیاند کە لە ئەنجامی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا و هاوپەیمانەکانی کراونەتە ئامانج.



AM:09:53:24/12/2024