هێزەکانی سوریای دیموکرات - هەسەدە ئامادەیی خۆیان بۆ پەیوەندیکردن بە سوپای نوێی سوریا ڕاگەیاند، بەڵام مەرجی ئەوە دەدەن کە گفتوگۆکان بەردەوام بن لەسەر ئەو پرسە.
فەرهاد شامی بەڕێوبەری ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، شەوی ڕابردوو لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ سکای نیوز عەرەبی ڕایگەیاند" ئێمە ئامادەین بچینە ناو سوپای نوێی سوریاوە، بەڵام ئەو بابەتە پێویستی بە گفتوگۆ هەیە".
وتیشی" بۆهەر شەڕ و ڕووبەڕوبوونەوەیەک ئامادەین، هەروەها ئامادەشین بۆ بژاردەی دیپلۆماسی و ماوەی ٢٠ ڕۆژیشە ڕووبەڕووی کوتلە چەکدارەکانی تورکیا دەبینەوە".
فەرهاد شامی لە درێژەی قسەکانیدا وتی" تورکیا هەوڵی کۆنترۆڵکردنی خاکی زیاتری سوریا دەدات، ئێمەش بەربەستێک لە بەردەم تەماحەکانی تورکیا لە سوریا دادەنێیین".
شامی ڕاشیگەیاند" پارتی کرێکارانی کوردستان لە ناو خاکی تورکیادا ئامادەیە، هێزەکانی ئێمەش لەسەر سنووری تورکیا ئامادە نین، بەڵکو هێزی ئەمنی کوردییە و هیچ پێشێلکارییەکیش لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە ئەنجام نەدراوە، پلانەکانی تورکیا لە بنەڕەتدا زیاتر لە ناوچەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا درێژدەبێتەوە".
جەختیشی لەوە کردەوە کە" هیچ ڕێککەوتنێک سەبارەت بە مەنبەج نییە و لایەنی ئەمریکیش پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە بێلایەن بێت".
فەرهاد شامی هێمای بۆئەوەشکرد" تورکیا هەوڵدەدات دەرفەتەکان سەبارەت بە بوونی بۆشایی دەسەڵات لە دیمەشق بقۆزێتەوە، هەوڵدەدات لە ناوچەکانی سوریادا فراوانتر بێت و ئەمەش سیاسەتێکی کۆلۆنیالیزمە کە ناتوانرێت پشتگوێ بخرێت".