یەکگرتوو: پێویستە کێشەکانی ڕۆژئاوا و توركیا به ئاشتیانه‌ و دیالۆگ چاره‌سه‌ربكرێن

ئه‌نجوومه‌نى سه‌ركردایه‌تى یه‌كگرتوو ڕایدەگەیەنێت" پێویستە كێشه‌كانى نێوان ڕۆژئاوای کوردستان و ده‌وڵه‌تى توركیا به‌شێوەی ئاشتیانه‌ و دیالۆگ چاره‌سه‌ر بكرێن". 

ئه‌نجوومه‌نى سه‌ركردایه‌تى یه‌كگرتووى ئیسلامی كوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا سەبارەت بە کێشەی کورد و کێشەکانی نێوان ڕۆژئاوای کوردستان و دەوڵەتی تورکیا هەڵوێستی خۆی ڕاگەیاند و دەڵێت"  له‌ كۆبوونه‌وه‌ی رۆژی سێشه‌ممه‌دا باس له‌ دۆخی سوریا و رۆژئاوای كوردستان كرا و پێخۆشحاڵى خۆى دوپاتكرده‌وه‌ بۆ رووخانى ئه‌و ڕژێمه‌ سته‌مكاره‌ى كه‌ به‌ ئاگر و ئاسن و داپلۆسینى دڕندانه‌ مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ هاوڵاتیانى خۆى ده‌كرد، هیواى خواست كه‌ هێزه‌ سیاسی و شۆرشگێره‌كانى ئه‌و وڵاته‌ له‌ سایه‌ى ئازادى و دیموكرارسی و پێكه‌وه‌ ژیانى ئاشتیانه‌دا، بتوانن سیسته‌مێكى حوكمڕانى دادپه‌روه‌رانه‌ بۆ خۆیان دابمه‌زرێنن كه‌ هه‌موو پێكهاته‌كانى ئه‌و وڵاته‌ به‌شێوه‌یه‌كى هاوسه‌نگ له‌ خۆ بگرێت".

له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ئەوەش هاتووە" سه‌ركردایه‌تى جه‌ختىكرده‌وه‌ له‌سه‌ر چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ى گه‌لى كورد له‌ ڕۆژئاواى كوردستان به‌شێوه‌یه‌كى دیموكراتیانه‌ و به‌ ڕێگاى دیالۆگ و دانوستاندنى راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ فه‌رمانڕه‌وایانى نوێ، به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ هه‌موو ئاڕاسته‌ سیاسیه‌كانى رۆژئاوا له‌ چوارچێوه‌یه‌كى پێكه‌وه‌ گونجاودا به‌شداربن له‌ بنیاتنانه‌وه‌ و به‌ڕێوه‌بردنى ناوچه‌ كوردیه‌كاندا". 

ئه‌نجوومه‌نى سه‌ركردایه‌تى یه‌كگرتووی ئیسلامی ڕاشیگەیاندووە" سه‌ركردایه‌تى داوایكرد كێشه‌كانى نێوان ڕۆژئاوا و ده‌وڵه‌تى توركیاى دراوسێ به‌ ڕێگاى ئاشتیانه‌ و دیالۆگ چاره‌سه‌ر بكرێت و ناوچه‌كه‌ به‌ دووربگیرێت له‌ به‌ كارهێنانى هێز و ڕوبه‌ڕوبوونه‌وه‌ى سه‌ربازى".

سەبارەت بە دۆخی هه‌رێم، له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی یەکگرتووی ئیسلامی هاتووه‌" به‌ زووترین كات ڕێگا خۆش بكرێت بۆ ئه‌وه‌ى ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان هه‌ڵبژاردنى بۆ بكرێت و په‌رله‌مان بتوانێت درێژه‌ به‌ دانیشتنه‌كانى بدات و ڕۆڵى ته‌شریعى و چاودێرى خۆى به‌ ئه‌نجام بگه‌یه‌نێت".

ئاماژە بەوەشکراوە، سه‌ركردایه‌تى یه‌كگرتوو به‌ پێویستى ده‌زانێت كه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانى هه‌رێم په‌ند له‌ ڕووداوه‌كانى ناوچه‌كه‌ وه‌ربگرن و ده‌ست هه‌ڵبگرن له‌ گه‌نده‌ڵى و ناعه‌داله‌تى بێسنور و برسیكردنى خه‌ڵكى كوردستان و زه‌مینه‌سازی بكه‌ن بۆ ئه‌نجدامدانى چاكسازى ریشه‌یی له‌ سیسته‌مى حوكمڕانى هه‌رێمدا، بۆ ئه‌وه‌ى له‌ پێگه‌یه‌كى سیاسی به‌هێزه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ى پێویست له‌گه‌ڵ حكومه‌تى فیدڕاڵ بكه‌ن و بتوانن ناوچه‌كانى مادده‌ى (١٤٠) بگه‌ڕێننه‌وه‌ بۆسه‌ر هه‌رێمى كوردستان.

لەبارەی پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، یه‌كگرتوو ڕایگەیاندووە" ئه‌ركى هه‌ردوو حكومه‌تى هه‌رێم و به‌غدایه‌ پرسی موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران و مووچه‌خۆرانى هه‌رێمى كوردستان چاره‌سه‌ر بكه‌ن و له‌وه‌ زیاتر كێشه‌ بۆ خه‌ڵكى كوردستان دروست نه‌كه‌ن".



PM:01:00:25/12/2024