ئەندامی سەرکردایەتی یەکگرتوو ئەبو بەکر کاروانی کە دوێنێ حزبەکەی داوای لێکردبوو داوای لێبوردن بکات تا بچێتە کۆنگرە، داوای لێبووردنی " قوربانی " ڕەتدەکاتەوەو بەشداری کۆنگرە ناکات.
لە نووسینێکدا ئەبوبەکر کاروانی کە لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردۆتەوە لە بارەی بڕیارەکەی سەرکردایەتی یەکگرتوو دەربارەی ئەو شەش ئەندامەی لە کۆنگرە بێبەشکرابوون، دەڵێت " بەشەکەی خۆم بەوپەڕی قەناعەتەوە ڕایدەگەیەنم کە داواکردنی لێبوردن لە قوربانی ڕەتدەکەمەوەو بەشداری لە کۆنگرەدا ناکەم و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم".
لە درێژەی نووسینەکەدا دەشڵێت " ئەگەر بڕیاریش بێت داوای لێبوردنێك لەم چوارچێوەدا لەگۆڕێدا بێت، دەبێت ئەو کەسانە داوای لێبووردن لە ڕێکخستنەکان و حیزبەکەیان و ئێمەش بکەن، لەپشت پێشێلکردنی پەیڕەوی ناوخۆ و دەرکردنی بڕیارە ناپەیڕەویی و هەڵەکەوە بوون. نەك ئێمەمانان کە دوای ئەوەی هەموو دەرگاکانیان لێداخستین و ناوی بێبەشکراوەکان لە کۆنگرە بڵاوبۆوەو بوو بە پرسێکی ڕای گشتی، ناچاربووین ڕوونکردنەوە بدەین و حەقیقەتی ئەوەی ڕوویداوە بخەینەڕوو".
" من لێرەشەوە سوپاس و پێزانینی زۆری خۆم بۆ هەموو ئەو بەڕێزانە دەردەبرم لە ناوخۆ و دەرەوەی یەکگرتوو، پەیوەندیان پێوەکردین و هاوسۆزیان لەگەڵ دەربڕین و فشار و ڕەخنەکانیان بوون بەهۆی ئەوەی سەرکردایەتی یەکگرتوو ئەگەر سەبارەت بە ئێمە بە نیوە ناچڵیش بێت، بەشێ لە هەڵەکە ڕاستبکەنەوە".( ئەبوبەکر کاوانی وا دەڵێت).
لە کۆتاییدا دەڵێت "دەبێت پەندی ئەوەشی لێوەربگرن، لە داهاتوودا بوێرانەتر و لێپرسراوانەتر هەر لە سەرەتاوە ڕێ لەم جۆرە هەڵەو ناهەقیانە بگرن و بۆ کەسی یەکەم یاخود چەند کەسێکی کەم و دیاریکراو بەجێیان نەهێڵن، سەری هەموو لایەك بەرز و کوردستان و گەلەکەی بەئامانجگەیشتوو".