مەلا بەختیار: لە هەرێمی كوردستان پڕۆژەیەكی سیاسی هاوبەش نییە بۆ پشتگیری لە ڕۆژئاوا

كەسایەتی سیاسی و بەرپرسی پێشووی یەكێتی ڕایدەگەیەنێت، پێویستە كورد لە ڕۆژئاوا یەكگرتوو بێت و چارەسەرێكی واقعی سیاسی لە چوارچێوەی سووریادا بۆخۆی بدۆزێتەوە.

مەلابەختیار، كەسایەتی سیاسی و ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی بەرژەوەندیە باڵاكانی یەكێتی(لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ دەنگی ئەمریکا ڕاگەیاند"  لە ڕۆژئاوا یان ڕێككەوتن و یەك پڕۆژەی سیاسی بۆ چارەسەركردنی مەسەلە دیموكراتیەكانی سووریا و ئەو مافانەی داوی دەكەن یان تووشی كێشەی زۆر گەورە دەبن".

وتیشی" لە ڕۆژئاوا ئەگەری شەڕی عەسكەری ناوخۆ دوورە، بەڵام جاری وا هەیە زەرەری كێشە سیاسیەكان كە ڕێناكەون لە شەڕی عەسكەری زیاترە".

مەلا بەختیار دەڵێت" كێشەكە تەنها ئەوەنیە لە ڕۆژئاوا لە نێوان ئەنەكەسە و پەیەدە ڕێككەوتن نییە، كێشەكە ئەوەیە لە باشووری كوردستانیش پڕۆژەیەكی سیاسی هاوبەش نییە بۆ پشتیوانیكردنی ڕۆژئاوای كوردستان، لە قۆناغی ڕابردوو هەڵە هەبووە لە ڕۆژئاوا و باشوور، ئەوە با ببێت بە قوربانی قۆناغەكە، بەڵام نابیت ئەو هەڵانە دووبارە بكرێنەوە، ئێستا دەبێت ئەوەی دەتوانن ڕێككەون لەسەر خاڵە هاوبەشەكان و خاڵە ناكۆكەكان بخەنە دوای ١ی ئازار كە پڕۆسەی دیموكراسی و حوكمڕانی و نووسینی دەستوورە".

" كورد دەبێت لە ناوخۆیدا ڕێككەوتووبێت، نابێ ئەم هەلە لە دەستبدات بۆ پێداگری لەسەر مافەكانی لە چوارچێوەی سووریایەكی دیموكراتدا، بۆ هەرێم واجبە چاوەڕێ بن بزانن ڕۆژئاوا دەڵین چی، هانیان بدەین بۆ ڕێككەوتن لە نێوان لایەنەكاندا، تەنانەت لەگەڵ توركیاش هانیان بدەین تووشی شەڕ نەبن، چونكە كورد زورەرمەند دەبێت"( مەلا بەختیار وای وت ).

بەڕای مەلا بەختیار، كورد لەم قۆناغەدا ئایندەی كورد نادیارە لە سووریا و دەڵێت" دڵخۆشم بەوەی كورد پشتیوانی هەیە لە ڕۆژئاوا، بەڵام لە بیرمان نەچێت دوای ڕێككەوتنی سیڤەر لە ژێر فشاری كەمالیزمدا سیڤەر گۆڕا بە لۆزان و وڵاتانی زلهێز پاشەكشەیان لە مافی كورد كرد".

وتیشی" قۆناغی یەكەم دەبێت كورد نەرم بێت بۆ گفتوگۆی سیاسی لەناو گفتوگۆكەدا پڕۆژەكەی سیاسی یەكگرتوو ببەنە پێشەوە، قۆناغی دووەم دوای ١ی ئازار دەست پێدەكات ئەویش قۆناغی فەلسەفەی سیاسی و حوكمڕانی ڕاستەقینە و ڕێككەوتنی سیاسیە بۆ نووسینی دەستوور ئەمە وردەكاری زۆرە و ناكرێ دوو قۆناغەكە تێكەڵبكرێت".




PM:07:16:25/12/2024