کەشناسێک ئاماژە بەوەدەکات کە شەپۆلێکی باران و خۆڵبارین لە کۆتای ئەم ھەفتە و لە سبەی ئێوارەوە روو لە هەرێم دەکات و لە رۆژی هەینییەوە بارانبارینی بەخۆڕ لە هەندێک لە ناوچە دەبارێت و هەورە بروسکەشی لەگەڵ دەبێت و ئەگەری بەفربارین لە ناوچە بەرزەکانیش هەیە.
ئاراس جەبار شارەزای کەشناسی ىالویکردووەتەوە " سەرەتا سبەی پێنجشەمە ٢٦ی مانگ کەش و ھەوا سەقامگیر ئەبێت و بەھۆی دەستپێکی ھاتنی بارستە ھەوایەکی شێدار وگەرمی دەریای سوور بۆ سەر ناوچەکانمان پلەکانی گەرما بەڕاورد بە ئەمڕۆ ٢ پلە بەرزدەبێتەوە و ھەست بەگەرمی کەشەکە دەکرێت".
ئەوەشی خستەروو کە لەکاتەکانی سبەی ئێوارە و شەودا ئاسمانی ھەرێم بە زۆری دەگۆرێت بۆ ھەوری تەواو لەگەڵ دەستپێکردنی تاوە باران و ھەورە بروسکەی کورت خایان لەناوچەکانی رۆژئاوای عێراق و پارێزگای دھۆک و نەینەوا بۆ رۆژی ھەینی ٢٧ی مانگ ئاسمانی ھەرێم بە درێژای کاتەکان بە ھەوری تەواو ئەمێنێتەوە لەگەڵ چالاکبوونی بەھێزی بای باشور و باشوری رۆژھەڵات لە ناوچەکانی باشور و ناوەراستی عێراق بەخێرای ٣٠ تا ٧٠کم و لەناوچەکانی ھەرێمی کوردستانیش بەخێرای ٢٠ تا ٤٥کم لە کاتژمێرێکدا چالاک ئەبێت.
ئاراس جەبار ئاشکرای دەکات بەھۆی ئەم بایەوە لەباشوری عێراقەوە خۆڵبارینێکی چر دروست ئەبێت و پێشبینی ئەکرێت لەنیوەرۆی رۆژی ھەینیەوە ھەرێمی کوردستان بەچری بگرێتەوە بەتایبەت لەناوچەکانی گەرمیان و کەرکوک و ھەولێر ئاستی خۆڵبارینەکە چرتر ئەبێت و مەودای بینین کەمدەکاتەوە.
ئەو کەشناسە دەشڵێت" رۆژی ھەینی کاتەکانی بەیانی تا ئێوارە ھەندێک کاتێک بارانێکی کەم بۆ مامناوەند لە ھەندێ شوێندا ئەبارێت و لە ئێوارەوە بۆ بەرەبەیانی رۆژی شەمە کاریگەری نزمەپاڵەپەستۆکەی دەریای ناوەراست دەستپێدەکات و تاوە بارانی مامناوەند ناوبەناو بە ھەورە بروسکەوە زۆربەی ناوچەکانی پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە و دھۆک و ھەولێر و ئیدارەی راپەرین و سۆران دەگرێتەوە و لەناوچە شاخاویەکانی دھۆک و ھەولێر ئەگەری تاوە بارانی بەخوڕ و بەلێزمەش ئەبێت".
ئاماژەی بەوەشداوە کە لە سنوری پارێزگای کەرکوک و ئیدارەی گەرمیانیش ئەگەری نمە باران و ھەندێ شوێنیش تاوە بارانی مامناوەندی کورت خایان چالاک ئەبێت بەھۆی خۆلبارینەکەشەوە بارانبارینەکە قوراویی ئەبێت و پێش نیوەرۆی رۆژی شەمە کاریگەری شەپۆلی باران و خۆڵبارینەکەش کۆتای پێدێت و کەش سەقامگیر ئەبێتەوە لەگەڵ نزمبوونەوەی کەمی پلەی گەرمی بەرێژەی ٢ پلە ، سەبارەت بە بەفریش تەنھا ناوچە شاخاویە سنوریە بەرزەکان بەفر بارین ئەبێت لەبەرزی ١٥٠٠ مەترەوە .