سەرۆكی دەستەی ئەركانی ئەمەریكا بەسەردانێك گەیشتە بەغدا
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 15-11-2014 ژەنەرال مارتن دێمپسی سەرۆكی دەستەی ئەركانی سوپای ئەمەریكا بە سەردانێك گەیشتە بەغدا و لەلایەن بەرپرسانی سەربازی و ئیداری عێراقەوە پێشوازی لێ كرا.
دوای ئەوەی چەکدارانی داعش ژمارەیەك پارێزگا و شار و شارۆچكەی عێراقی كۆنترۆڵ كرد، ئەمە یەكەم سەردانی سەرۆكی دەستەی ئەركانی سوپای ئەمەریكایە بۆ عێراق و بڕیارە لەم سەردانەیدا لەگەڵ بەرپرسانی ئەمنیی عێراق پرسی ناردنی سەربازیی وشكانیی ئەمەریكا بۆ عێراق تاوتوێ بكات.
لە لێداونێكیشیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، سەرۆكی دەستەی ئەركانی ئەمەریكا ڕایگەیاند كە بۆ هەڵسەنگاندنی ڕەوشی ئەمنی و چۆنییەتی هاوكاریكردنی هێزە عێراقییەكان و ناردنی ژمارەیەكی دیكەی سەربازی ئەمەریكا بۆ شەڕی دژی داعش لە عێراق هاتووەتە بەغدا.
باسی لە پرۆژەپێشنیازێکی باراک ئۆباما سەرۆکی ئەمەریکاش کرد کە داوای لە کۆنگرێسی وڵاتەکەی کردووە ڕەزامەندی بدەن لەسەر ناردنی 1500 سەربازی دیکە بۆ عێراق کە ئەگەر ئەو پێشنیازە ڕەزامەندی وەربگرێت، ژمارەی سەربازە ئەمەریکییەکان لە عێراق دەگات 3100 سەرباز.
PM:02:01:15/11/2014