هەڵەدنی: بەشداری کۆنگرەی نۆیەم ناکەم

ئەبوبەکر هەڵەدنی لە پەیامێکی نوێیدا بڕیاریدا بەشداری کۆنگرەی حزبەکەی نەکات کە بڕیارە سبەینێ هەینی لە هەولێر دەستپێبکات. 

ئەبوبەکر هەڵەدنی سەرۆکی پێشووتری فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان، ئەمڕۆ پێنج شەممە لە پەیامێکدا دوایین هەڵوێستی خۆی لەبارەی کۆنگرەی حزبەکەی ڕایگەیاند و دەڵێت" سەبارەت بەهەڵوێستمان لە ڕوانگەی دوایەمین کۆبوونەوەی سەرکردایەتی یەکگرتوو، من بەشداری کۆنگرەی نۆیەم ناکەم".

دەشڵێت" ماوه‌ى ٣٥ ساڵه‌ له‌ ڕێکخستنە سەربڵندەکانی یەکگرتوو دانەبڕاوم‌ و کۆی خزمەتی ئەو ماوە دورو درێژەی وێستگە جۆراوجۆرەکانی خەبات چاکەکەی بۆ فەزڵی خوداو پشتیوانی‌ و نزای خێری ئەو ئازیزانەم دەگەڕێنمەوە و بۆ هەمیشەش خۆم بە قەرزار و خۆڵی ژێر پێکانیان دەزانم‌ و سەرچاوەی وزە و تینمن‌ و داوای گەردن ئازادیان لێدەکەم لە هەر ڕەفتار و گوفتارێکم کە بوبێتە مایەی نیگەرانکردنیان". 

هەڵەدنی ڕاشیگەیاندووە" هیوای سەرکەوتن بۆ کۆنگرەی یەکگرتوو دەخوازم کە بەشبەحاڵی خۆم ڕەنجی فەرهادم بۆدا شانبەشانی دەیان هەزار تێکۆشەری ماندونەناس‌ و لێی پەشیمان نیم‌ و شانازیشی پێوە دەکەم‌ و خەون‌ و ئامانجمان بۆ  گەشەکردنی‌ و بەرجەستەکردنی دروشمەکانی ئازادی‌ و برایەتی‌ و دادپەروەری بوو". 

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

سەبارەت بە هەڵوێستمان لە ڕوانگەی دوایەمین کۆبوونەوەی سەرکردایەتی یەکگرتوو :

١/بەشداری کۆنگرەی نۆیەم ناکەم.

٢/ڕێکخستنە سەربڵندەکانی یەکگرتوو بەدرێژایی سی و پێنج ساڵ لێیان دانەبڕاوم و کۆی خزمەتی ئەو ماوە دوورو درێژەی وێستگە جۆراو جۆرەکانی خەبات چاکەکەی بۆفەزڵی خودا و پشتیوانی و نزای خێری ئەو ئازیزانەم دەگەڕێنمەوەو بۆهەمیشەش خۆم بەقەرزارو خۆڵی ژێر پێکانیان دەزانم و سەرچاوەی وزەو تینمن وپشتی ئێمەو داری ئەوان و داوای گەردن ئازادیان لێدەکەم لەهەر ڕەفتارو گوفتارێکم کەبوبێتە مایەی نیگەرانکردنیان لەم سی وپێنج ساڵەدا.

٣/سوپاسی سەرجەم ئەو ئازیزان وخۆشەویستانەی کە لەم ماوەیەدا کاتی خۆیان بەئێمە بەخشی و پشتیوانیان دەربڕی بەرامبەر ئەو ڕێکارە ناپەیڕەویانەی بەرامبەرمان گیرایە بەر.

٤/هەروەک بێبەری بوونی خۆم لەهەر تۆمەت و ناوزڕاندنێک ڕادەگەیەنم لەپاڵ هاوسۆزی بۆ ئێمە بەرامبەر یەکگرتوو و سەرکردەکانی  وتراوە چ لە ڕابردوو یان لەداهاتوو بوترێ، زمانی زبر و ڕق وکینە و گرێی ئایدۆلۆژی و بەناوکەوتن بەپێوەری شەلم کوێرم کەس ناپارێزم بەڵگەی کەم تفاقی و مایە پوچی خاوەنەکەیەتی.

٥/هیوای سەرکەوتن بۆ کۆنگرەی یەکگرتوو دەخوازم کە بەش بەحاڵی خۆم ڕەنجی فەرهادم بۆدا شانبەشانی دەیان هەزار تێکۆشەری ماندونەناس و لێی پەشیمان نیم وشانازیشی پێوە دەکەم و خەون و ئامانجمان بۆ  گەشەکردنی و بەرجەستە کردنی دروشمەکانی ئازادی و برایەتی و دادپەروەری بوو.

بۆهەمیشە کوردستان گەشاوە و کوردستانیانیش سەربڵند و ئیسلامخوازان و ئیسڵاخخوازانیش شکۆمەند.



PM:01:59:26/12/2024