لە ماوەی ئەمساڵدا لە سنووری پارێزگای کەرکوک نزیکەی ٤٠ هەزار حاڵەتی لەدایکبوون و هەزار و ٢٧٦ حاڵەتی شێرپەنجە تۆمارکراون کە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو ئاماری تووشبوون بە شێرپەنجە زیادیکردووە.
ئارجان محەمەد ڕەشید بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی پارێزگای کەرکوک، ئەمڕۆ پێنج شەممە لە ئامارێکدا ڕایگەیاند" لە ماوەی ئەمساڵدا تا ئێستا ٣٩ هەزار و ٢٨٤ منداڵ لەدایکبوون".
ئاماژەی بەوەشکردووە، نەخۆشخانە و تەندروستی و ناوەندە تایبەتمەندەکان ٢ ملیۆن و ٩١ هەزار و ٦١٣ نەخۆشیان وەرگرتووە، هاوکات ژمارەی توشبووانی نەخۆشخانە گەیشتووەتە ١٤٠ هەزار و ٣١٤ نەخۆش، ٦٥ هەزار و ٤٨٩ کەس نەشتەرگەرییان بۆ کراوە.
بەڕێوەبەری تەندروستی کەرکوک ئەوەشی خستەڕوو، سەنتەری پسپۆڕی کەرکوک بۆ شێرپەنجە و خوێن، هەزار و ٢٧٦ کەسی تووشبوو بە شێرپەنجە و هەزار و ٦٢٨ کەسی تووشبوو بە نەخۆشییەکانی خوێن تۆمارکردووە، لە کاتێکدا لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣دا هەزار و ١٦ کەس تووشی شێرپەنجە و هەزار و ٥ کەس تووشی نەخۆشی خوێن بوون.