یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) گیان لەدەستدانی فەرماندەیەکی ژنی لە بەنداوی تشرین راگەیاند.
فەرماندەیی گشتی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە)، لە بەیاننامەیەکدا هەواڵی گیان لەدەستدانی رۆناهی یەکتا کە یەکێکە لە سەرکردەکانی یەکینەکانی لە ناوچەی بەنداوی تیشرین لە ناوچەی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕاگەیاند، لەکاتێکدا ئەو هێزانە ڕووبەڕووی هێرشەکانی تورکیا و هاوپەیمانەکانی بوونەتەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەی یەپەژەدا هاتووە" هەڤاڵمان ڕۆناهی یەکتا، کاتێک لە بەرەی بەرخۆدانی مێژووی لە بەنداوی تشرین لە دژی دەوڵەتی تورکیا و هاوپەیمانەکانی شەڕی دەکرد، پەیوەندی بە کاروانی نەمرەکانەوە کرد".
هەروەها هاتووە" سەرۆکی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە)، ئارشین حسێن ناسراو بە رۆناهی یەکتا، یەکێک بوو لە سەرکردە قارەمانە بێهاوتاکانی مێژووی بەنداوی تیشرین و بەرخۆدانی کارا قۆزاک لە دژی ڕێکخراوەکانی تورکیا، ئەو بە بوێرییەکی زۆرەوە دژی دڕندەیی گروپەکانی ئەوێ شەڕی کرد".
ئارشین حسێن ناسراو بە ڕۆناهی یەکتا، لەگەڵ هەڵگیرسانی شۆڕشی ئازادی لە سوریا، ساڵی ٢٠١٢ کاتێک بەرەی نوسرە هێرشەکانیان بۆ سەر شاری حەلەب دەستپێکرد، پەیوەندی بە ڕیزەکانی بزووتنەوەی لاوانی شۆڕشگێڕەوە کرد، هەروەها کاری ڕێکخراوەی لە هەموو ناوچەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ئەنجامداوە.