لە دێرەزوور دوو شەڕڤان گیانیان لەدەستدا

هێزەکانی سوریای دیموکرات ئەمڕۆ هەینی گیان لەدەستدانی دوو شەڕڤانی لە لادێکانی دێرەزووەر ڕاگەیاند. 

ئەمڕۆ ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات - هەسەدە، بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە" لەبەر ڕۆشنایی دۆخی گرژی لە سوریا ئەو هێرشانەی تورکیا و بەکرێگیراوەکانی بۆ سەر ناوچەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەستیپێکرد و سەرقاڵکردنی هێزەکانمان، هێزەکانی سوریای دیموکرات، بە شەڕەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشەکانی تورکیا و بەکرێگیراوەکانی لەسەر هەموو ناوچەکانمان، ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش هەوڵدەدات دۆخی ئاژاوەگێڕی لە خاکەکاندا بقۆزێتەوە، بۆ ئەوەی خۆی زیندوو بکاتەوە و خاوەندارێتی دەسەڵاتی ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆریستی بکات، بەشێوەیەکی سەرەکی ناوچەکان دەکاتە ئامانج لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا". 

لە ڕاگەیەندراوەوکەدا هاتووە" ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە، شانەکانی سەر بە ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش ژمارەیەک کردەوەی تیرۆریستییان ئەنجامدا، ئۆتۆمبێلێکی سەر بە هێزەکانی دیسپلینی سەربازییان لە شارۆچکەی مەرکەدە لە لادێی ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور کردە ئامانج کە ژمارەیەک لە سەربازییەکانی هەڵگرتبوو، ئەو بەئامانجکردنە بووە هۆی شەهیدبوونی یەکێک لە چەکدارەکانمان". 

هەروەها هاتووە" لە کردەوەیەکی تری تیرۆریستیدا شانەیەکی ڕێکخراوی تیرۆریستی ئۆتۆمبێلێکی سەر بە هێزەکانی ئێمەی لە شارۆچکەی شهەیل کردە ئامانج، کاتێک خاڵێکی سەربازی بەجێدەهێڵێت و بەئامانجگرتنەکەش بووە هۆی شەهیدبوونی یەکێک لە چەکدارەکانمان". 

هەسەدە ڕاشیگەیاندووە" شانەیەکی دیکەی ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە وێستگەی ئاوی شارۆچکەی زیبانی بە ئاڕپیجی کردە ئامانج، لە ئەنجامدا تەنها زیانێکی ماددی بە وێستگەکە گەیاندووە، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی مرۆیی تۆمار بکرێت".



PM:12:53:27/12/2024