سەلاحەدین بەهادین بۆ جاری هەشتەم وەک ئەمینداری یەکگرتو هەڵبژێردرا


هۆشیار عەبدوڵڵا، وتەبێژی یەکگرتووی ئیسلامی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "مامۆستا سەلاحەدین بەهائەدین زۆرینەی دەنگەکانی کۆنگرەی بەدەستهێناوە و بە ئەمینداری گشتی هەڵبژێردرایەوە."

سەرچاوەیەکیش لەنێو کۆنگرەکە بە میدیاکانی ڕاگەیاندوە: سەلاحەدین بەهائەدین 728 دەنگی بەڵێ ـی ئەندامانی کۆنگرە بەدەستهێناوە.
 
لە کۆنفرانسەکەدا وتەبێژی یەکگرتووی ئیسلامی باسی لەوەکرد، "تاوەکو کۆتایی هەڵبژاردنەکە سەلاحەدین بەهائەدین هیچ رکابەرێکی نەبووە."
 
یەکگرتوو ئیسلامیی کوردستان بۆ هەڵبژاردنەوەی سەلاحەدین بەهائەدین پەیڕەوی ناوخۆی حیزبەکەی هەموارکردەوە، چونکە بەپێی پەیڕەوی پێشوو، ئەمینداری گشتی دەیتوانی تەنیا دوو خول ئەمیندار بێت. بەڵام سەلاحەدین بەهائەدین ٧ خول ئەمیندار بووە.
 
لەدوای "بردنەوەی زۆرینەی دەنگەکانی حیزبەکەی لە کۆنگرەی نۆیەم"، سەلاحەدین بەهائەدین جارێکی دیکە و بۆ جاری هەشتەم بووەوە بە ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان.

ئەوەش لە کاتێکدایە شەش کادیری پیشکەوتووی یەکگرتووی ئیسلامی لە نێوانیاندا ئەبوبەکر کاروانی و ئەبوبەکر هەڵەدنی لە ریزەکانی یەکگرتوو دوورخرانەوە و نەیانتوانی بەشداری لە کۆنگرەکەدا بکەن، ئەوەش نارەزایەتی ئەو کادیرانەی لێکەوتەوە کە بڕیارەکەی یەکگرتوویان بە نایاسایی و بۆ کپکردنی دەنگی نارازیان گەڕاندەوە.



PM:08:46:27/12/2024