هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕایدەگەیەنێت" لە دەوروبەری بەنداوی تشرین ١٧ چەكداری میلیشیاكانی سەر بە تورکیا كوژراون كە یەكێكیان فەرماندە بووە، هەروەها ٤٠ چەكداری دیكەش برینداربوون".
ئەمڕۆ شەممە ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات - هەسەدە، بەیاننامەیەکی بۆ ڕای گشتی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە" هێزەکانمان لە چەند بەرەیەک لە ناوچەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، بەتایبەت لە بەرەکانی بەنداوی تشرین، هێرشی گەورەیان کردە سەر هێزەکانی تورکیا و میلیشیاکانی".
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە" دوێنێ میلیشیاکانی سەر بە تورکیا لە دوو میحوەرەوە هێرشیانکردە سەر هێزەکانمان، یەکەمیان لە دیوی شارۆچکەی ئەبو قەلقالەوە، ئەوی دیکەیان لە دیوی گوندی ئاڵووش، شەڕی توندوتیژی لە نێوان هێزەکانمان و بەکرێگیراواندا ڕوویدا کە تێیدا بەکرێگیراوان گورزی وێرانکەریان لێدرا، بەو پێیەی تەواوی گروپێکیان لە سەرەتای شەڕەکاندا لەناوچوون، هەروەها هێزەکانمان گورزێکی گەورەیان لەو هێزانەی کە دوژمن هێنایە گوندێک لە پشت شانۆی ئۆپەراسیۆن و ڕووبەڕووبوونەوە هێنا، لە کاتێکدا هیچ زیانێک لەنێو هێزەکانماندا نەبووە، تەنها یەکێک لە چەکدارەکانمان بە سوکی بریندار بووە".
هەسەدە ڕاشیگەیاندووە" لە ئەنجامی بەرپەرچدانەوەی هێرشەكانی دوێنێدا، ١٧ چەكداری میلیشیاكان كوژراون كە یەكێكیان ئەبو فایز، فەرمادەی بەناو لیوای مغاویری باكور بووە، هەروەها ٤٠ چەكداری دیكەش برینداربوون كە لەنێویاندان فەرماندە هەن".