پۆلیسی سلێمانی رایدەگەیەنێت" تۆمەتباری كوژرانی پیاوەكەی شەوی ڕابردووی سلێمانی دەستگیرکراوە کە كوڕەكەیەتی".
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، ئەمڕۆ شەممە، لە راگەیەندراوێكدا بڵاویکردەوە" لەلایەن مەفرەزەكانی نوسینگەی لێكۆڵینەوە لە تاوانی كوشتن، بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی سلێمانی كەسێك دەستگیركرا كە تۆمەتبارە بە كوشتنی باوكی".
ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو زانیاری كوشتنی كەسێك گەیشتە پۆلیسی سلێمانی، دەستبەجێ مەفرەزەكانی پۆلیسی سلێمانی گەیشتنە شوێنی ڕوداوەكە و كەشف و هێڵكاری بۆ شوێنی ڕووداوەكە كرا و زانیارییە سەرەتاییەكان دەریانخست كە باوكێك لە لایەن كوڕەكەیەوە كوژراوە و تۆمەتبار هەڵاتووە.
پۆلیسی سلێمانی دەشڵێت" هێزەكانی پۆلیس لێكۆڵینەوە و بەدواداچونەكانیان بۆ دۆزینەوە و دەستگیركردنی تۆمەتبار دەستیپێكرد و دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر توانرا هەمان شەو لەلایەن مەفرەزەكانی نوسینگەی لێكۆڵینەوە لە تاوانی كوشتن، بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی سلێمانی تۆمەتبار بدۆزرێتەوە و دەستگیربكرێت و دەستیش بگیرێت بەسەر ئەو چەكەدا كە تاوانەكەی پێ ئەنجام درابوو".
ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێستادا تۆمەتبار (م. م. ع. لە دایكبووی ٢٠٠٢) بە بڕیاری دادوەرو بەپێی ماددەی ٤٠٦ لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراوە.