پاش کۆتایی هاتنی کۆنگرەی نۆیەمی یەکگرتووی ئیسلامی سەڵاحەدین بەهادین راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت" دەرنەچوونی کاندیدانی دیکە مانای کەم توانایی و نەبوونی دڵسۆزی نییە، بەڵکو لەبەر زۆری کاندید و کەمی پۆستەکانە".
لە دوای هەڵبژاردنەوەی بە ئەمینداری گشتی سەڵاحەدین بەهادین وتارێکی پێشکەش کرد و پیرۆزبایی سەرکەوتنی کۆنگرەی نۆیەمی ئاڕاستەی یەکگرتووەکان بەتایبەتی و گەلی کوردستان بەگشتی کرد، هەروەها سوپاسی ئەندامانی کۆنگرەی یەکگرتووی کرد کە جارێکی دیکە متمانەیان پێبەخشییەوە و پیرۆزبایی ئاڕاستەی ئەندامانی هەڵبژێردراوی سەرکردایەتی و دەستەی باڵای چاودێری و بەدواداچوون کرد.
وتیشی" دەرنەچوونی کاندیدانی دیکە مانای کەم توانایی و نەبوونی دڵسۆزی نییە، بەڵکو لەبەر زۆری کاندید و کەمی پۆستەکانە، ئەو کەسانە دەرنەچوون خوشک و برای دڵسۆز و کارا و بەوەفای ئەم کاروانەن و هەوڵ و ماندووبونەکانی ڕابردوویان بەرز دەنرخێنین و چاوەڕێین لە داهاتوو هاوکاری زیاتری ئەم کاروانەبن".
سەڵاحەدین بەهادین ڕاشیگەیاند" ئەمڕۆ قۆناغێکی نوێ چاوەڕێمان دەکات و بەرپرسیاریەتییەکی گرنگ و قورس لە پێشمانە، پێویستە پاراستنی گیانی برایەتی و دوعای تەوفیق و هاوکاری یەکدی لە پێشینەی کارەکانمان بێت".
ئەمڕۆ شەممە لە هۆڵی سەعد عەبدوڵا لە شاری هەولێر کۆنگرەی نۆیەمی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان کۆتایی بە کارەکانی هێنا.
هەروەها لە سەرەتای مەراسیمی کۆتایی هاتنی کارەکانی نۆیەمین کۆنگرەی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان نوێنەری کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لە شاری هەولێر ئەنجامی کۆتایی پڕۆسەی دەنگدانی بۆ هەڵبژاردنی ئەمینداری گشتی و ئەندامانی سەرکردایەتی و دەستەی باڵای چاودێری و بەدواداچوون ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوەدا سەڵاحەدین بەهادین متمانەی ئەندامانی کۆنگرەی بەدەستهێنا و بووە ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان.