"ئەگەر چاکسازی نەکرێت، رەشەبای گۆڕانکاری دەگاتە ئێرەش"

ڕابەری بزووتنەوەی ئیسلامی ئەمڕۆ شەممە کردنەوەی نووسینگەی بزووتنەوەکەی لە دیمەشقی پایتەختی سوریا ڕاگەیاند و جەختدەکاتەوە کە ئامانج لێی بەرزکردنەوەی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنە بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی ڕۆژئاوا، هەروەها هۆشداریش دەدات و دەڵێت" ئەگەر چاکسازی ڕیشەیی لە هەرێم نەکرێت، ڕەشەبای گۆڕانکاریش دەگاتە ئێرە". 

عیرفان عەلی عەبدولعەزیز رابەری بزووتنەوەی ئیسلامی، ئێوارەی ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" لە ساڵی ١٩٨٩ تا ٢٠١١ نووسینگەمان لە دیمەشقی پایتەختی سووریا هەبوو، ئێستا نووسینگەکەمان کردۆتەوە و نوێنەرمان ناردووە بۆ ئەنجامدانی دیالۆگ بە ئامانجی دۆزینەوەی چارەسەری باشتر بۆ ئەو کێشانەی ڕووبەڕووی برا کوردەکانمان بووەتەوە". 

عەبدولعەزیز هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە" ئەو لێدوانانەی ئەحمەد شەرع و مەزلوم عەبدی بڵاویانکردووەتەوە، هەوڵدەدەن بگەنە یەکلاییکردنەوەیەکی هەمەلایەنە کە خزمەت بە گەلی سوریا بەگشتی و کوردانی ڕۆژئاوا بەتایبەتی بکات".

جەختیشیکردەوە لە کارکردن بۆ" ئەنجامدانی گفتوگۆی بەرهەمدار لەپێناو بەدەستهێنانی دەستکەوت بۆ گەلی سوریا و چارەسەرکردنی قەیرانەکانی ڕۆژائاوا، ڕێگەش نادەین ململانێکان بگۆڕێت بۆ خوێنڕشتنی زیاتر". 

سەبارەت بە پرسی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم، عیرفان عەلی دەڵێت" حکومەتی هەرێم وا زوو پێکناهێندرێت".

ڕابەری بزوتنەوەی ئیسلامی هەر لە لێدوانەکەیدا هۆشداری بە دەسەڵاتدارانی هەرێم داو وتی" ئەگەر چاکسازی ڕیشەیی لە هەرێم نەکرێت، رەشەبای گۆڕانکاریی دەگاتە ئێرەش". 

ڕۆژی ٨ی ئەم مانگە حەیعەت تەحریر شام بە سەرۆکایەتی ئەحمەد شەرع ناسراو بە محەمەد جۆلانی توانی سەردەمی بەشار ئەسەد لە سوریا کۆتایی پێبهێنێت، هەروەها پێکهێنانی ئیدارەیەکی کاتی ڕاگەیاند کە تا ١ی ئازاری ٢٠٢٥ بەردەوام دەبێت.

لەم لینکەوە ڤیدیۆی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکە ببینە



PM:05:54:28/12/2024