هاكان فیدان، وەزیری دەرەوەی توركیا لە میانەی پەیوەندییەكی تەلەفونی لەگەڵ ئەنتۆمی بلینكن وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ڕایگەیاند "ئەنقەرە ڕێگە بە یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ی کورد نادات پەنا بۆ سوریا ببەن".
ئەمڕۆ شەممە ٢٩ی کانوونی یەکەم وەزارەتی دەرەوەی توركیا، لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا پەیوەندییەكی تەلەفونی لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن هاوتا ئەمریکییەکەی، لەبارەی سوریا ئەنجامدا.
ئاماژەی بەوەشكرد، "فیدان باسی لە گرنگی هەماهەنگی لەگەڵ ئیدارەی نوێی سوریا كردوە، بۆ ئەوەی سەقامگیری لەو وڵاتە مسۆگەر بکرێت و قۆناغی ئینتقالی بە شێوەیەکی ڕێکوپێک تەواو بکرێت"، هاوكات هاوتا ئەمریكیەكەی ئاگادارکردوەتەوە کە ئەنقەرە ڕێگە بە یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) نادات پەنا بۆ سوریا ببات.
بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، ئەنقەرە پاڵپشتی لە هەوڵەکانی ئیدارەی نوێ لە سوریا دەکات "بۆ دەستەبەرکردنی یەکێتی و ئاسایشی خاکی وڵاتەكە و ناتواندرێت ڕێگەی بە هێزی كورد بدرێت لە سوریا".
لایخۆیەوە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوه، "قسەیان لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی سوریاوە کرد و ئەنتۆنی بلینكن جەختی لە سەر پێویستی پاڵپشتی كردنی پڕۆسەیەكی سیاسی لەو وڵاتەكرد كە تێیدا مافەكانی هەموان پارێزراو بێت و حكومەتێكی گشتگیر لە پێشینەی كارەكانی دابنێت".
دەشڵێت، "وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لەگەڵ فیدان باسیان لە ئامانجی هاوبەشی ڕێگریکردن لە تیرۆریزم کرد کە ئاسایشی تورکیە و سوریا بخاتە مەترسییەوە".