ئەحمەد شەرع: ئیداره‌ی نوێی سوریا له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی هه‌سه‌ده‌ دانوستان ده‌كات

سەرۆکی دەستەی تەحریری شام ڕایدەگەیەنێت" بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن لە سووریا ڕەنگە چوار ساڵ بخایەنێت، لەکاتێکدا ڕەنگە پرۆسەی نووسینەوەی دەستوور نزیکەی سێ ساڵ بخایەنێت". دەشڵێت" ئیداره‌ی ئێستای سوریا له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی سوریای دیموكرات (هه‌سه‌ده‌) دانوستان ده‌كات". 

ئه‌حمه‌د شه‌رع  سەرۆکی دەستەی تەحریری شام کە هاوکات فەرماندەی ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانە و کۆتایی بە دەسەڵاتەکەی بەشار ئەسەد هێنا، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی عەرەبییە، ڕایگەیاند" پێویستە سەرژمێرییەکی گشتی دانیشتوان ئەنجام بدەین پێش ئەنجامدانی هەر هەڵبژاردنێکی ئاشتیانە لە سوریا، هەروەها چاوەڕێی دەستورێک دەکەین کە تا دەتوانین درێژە بکێشێت". 

وتیشی" ئەمڕۆ سوریا لە قۆناغی بنیاتنانەوەی یاساکەدایە".

ئەحمەد شەرع جەختی لەوەکردەوە کە" کۆنفرانسی دیالۆگی نەتەوەیی هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگا لەخۆ دەگرێت". 

سەرۆکی دەستەی تەحریر شام پێشنیاری کرد کە" سوریا پێویستی بە ساڵێکە بۆ ئەوەی هاوڵاتی گۆڕانکاری ڕیشەیی لە خزمەتگوزاریدا ببینێت".

لە چوارچێوەیەکی دیکەدا وتی" من خۆم بە ڕزگارکەری سوریا نازانم، هەر کەسێک قوربانیدا وڵاتەکەی ئازاد کرد، گەلی سوریا خۆیان ڕزگار کردووە". 

سەبارەت بە خۆپیشاندانەکان، جەختی لەوە کردەوە کە مافی ڕەوای هەر هاوڵاتییەکە ڕای خۆی دەرببڕێت، بەبێ ئەوەی زیان بە دامودەزگاکان بگەیەنێت.

سەبارەت بە دانانی یەک ڕەنگ لە حکومەتی ڕاگوزەری ئێستا، ئەحمەد شەرع ڕوونیکردەوە کە ئەم هەنگاوە بۆ ئەوە هات کە قۆناغەکە پێویستی بە هاوئاهەنگی نێوان دەسەڵاتی نوێ هەیە و ئەوە بەدەرکردنی هیچ کەسێک نییە.

دەشڵێت" ڕژێمی پێشوو دابەشکارییەکی گەورەی لەناو کۆمەڵگەی سوریادا دروستکردبوو، هەموو ئەنجامدەرانی تاوانەکان سزاکەیان وەردەگرن". 

ئەحمەد شەرع دووپاتیکردەوە کە حەیعەت تەحریر شام هەڵدەوەشێتەوە و ئەمەش لە کۆنفرانسی دیالۆگی نیشتمانیدا ڕادەگەیەنرێت.

ئاشکراشیکرد، ئامادەکردنی دەستوورێکی نوێ لە سووریا ڕەنگە نزیکەی سێ ساڵ بخایەنێت، ڕێکخستنی هەڵبژاردنیش ڕەنگە پێویستی بە چوار ساڵ بێت. 

ناوبراو ڕاشیگەیاند" ئیدارەی ئێستا لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات - هەسەدە دانوستان دەکات بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکانی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا".

جەختیشیکردەوە کە کورد بەشێکی دانەبڕاوە لە پێکهاتەکانی سوریا و نابێت وڵاتەکە دابەشبکرێت. 

جگە لەوەش هیوای خۆی دەربڕی کە ئیدارەی نوێی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ سزاکانی سەر ئەو وڵاتە هەڵبگرێت.



PM:01:55:29/12/2024