حزبی شیوعی: پێویستە هاوڵاتییان ڕێگری لە هەراجکردنی دامەزراوەکانی خۆی بکات

لەبارەی سپاردنی تاقیگەکانی نەخۆشخانە حکومییەکان بە کەرتی تایبەت وتەبێژی حزبی شیوعی ڕوونکردنەوە دەدات و دەڵێت" پێویستە خەڵکی کوردستان خۆی بێتە مەیدان و داکۆکی لە مافەکانی بکات و ڕێگری لە هەراجکردنی دامەزراوەکانی خۆی بکات". 

وتەبێژی حزبی شیوعی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" ئەرکە سەرەکییەکانی هەر حکومەتێک، بریتیە لە دابینکردنی ئاسایشی سنورەکان و ئارامی نێوخۆی و دابینکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکانی نمونەی ئاوی پاک و کارەبا و هەلی خوێندن و تەندروستی و دابینکردنی مووچەی کارمەندان و خانەنشینان و ڕێکخستنی بازاڕ و ئاسایشی خۆراک بۆ هاوڵاتییانی". 

دەشڵێت" بەداخەوە، ئەم ئەرکانە لە هەرێمی کوردستاندا ئیفلیج کراون، و دەسەڵاتداران نەک بە ئەرکەکانی خۆیان هەڵناسن، بگرە کەوتونەتە وێزەی هەموو دامەزراوەکانی کەرتی گشتی و لەبەرژەوەندی کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت کە هەندێکیان پشکی گەورەی کەسانی دەسەڵاتداریان لەپشتە و لەگەڵ ئاراستەکانی سیستمی جیهانی سەرمایە و بانکی نێودەوڵەتی یەکدەگرێتەوە". 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە" ئەمکارە لە فرۆشتنی ئامێرەکانی بەنداوی بێخمەوە بۆ کەلوپەل و زەوی کارگەکانەوە دەستیپێکرد، تا کارەبا و زیادکردنی قوتابخانە و پەیمانگا و زانکۆ و نەخۆشخانە ئەهلییەکان و کاری فەرمانگاکانی دادنوس، تا دواجار گەیشتە تاقیگاکانی نەخۆشخانە گشتییەکان و سپاردنیان بە کەرتی تایبەت کە ئەمانە ڕۆژ بە ڕۆژ باری سەرشانی هاوڵاتییان بەگشتی و هەژاران و زەحمەتکێشان گرانتر دەکات، لەکاتێکدا کە هەموو ساڵێک بەهۆی دواخستن و یاریکردن بە مافی کارمەندان و خانەنشینان لە پێدانی مووچەکانیان ژیانی هاوڵاتییان و جوڵەی بازاڕی کار و ژیانیانی بە مەمرە و مەژی سپاردوە". 

وتەبێژی حزبی شیوعی ڕاشیگەیاندووە" ئێمە لە حزبی شیوعی کوردستان، وێرای نیگەرانی و ناڕەزاییمان لە هەموو ئەو هەنگاوانەی کە بۆ لاوازکردن و نەهێشتنی کەرتی گشتی بڕیاردراون و داواکارین حکومەت لەو بڕیارە پاشگەز بێتەوە و لە کاتی بەردەوامی لەسەر ئەو پلانە، پێویستە خەڵکی کوردستان خۆی بێتە مەیدان و داکۆکی لە مافەکانی بکات و ڕێگری لە هەراجکردنی دامەزراوەکانی خۆی بکات". 



PM:06:21:29/12/2024