هەسەدە لە سەرێكانی كوژرانی چەند ئەندامی سەر بە هێزەکانی هاوپەیمانی توركیای ڕاگەیاند

هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕایدەگەیەنێت" لە ئەنجامی هێرشێکی شەڕڤانان بۆسەر چەند گوندێكی سنوری شارۆچكەی سەرێكانی ژمارەیەك لە چەكدارانی میلیشیاكان كوژراون". 

ناوەندی راگەیاندنی هێزەكانی سوریای دیموكرات - هەسەدە، ئەمڕۆ یەکشەممە لە راگەیەندراوێكدا بڵاویکردەوە" سەرلەبەیانی ئەمڕۆ  یەكەیەكی هێزەكانمان لە ئەنجوومەنی سەربازی سەرێكانی، هێرشیانكردۆتە سەر چەند خاڵێكی میلیشیاكان لە گوندی رەیحانیەی سەربە سەرێكانی و لە ئاكامدا شەڕ دروستبووە و پێنج چەكداری میلیشیاكانی سەر بە توركیا كوژراون". 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە" هەر ئەمڕۆ شەڕڤانان هێرشیانكردۆتەوە سەر میلیشیاكان لە گوندی قاسمیەی سەر بە سەرێكانی و لە ئەنجامی هێرشەكەدا ژمارەیەك چەكداری میلیشیاكان كوژراون و برینداربوون كە هێشتا ژمارەی تەواوەتیان نەزانراوە". 

هەر بەپێی راگەیەندراوەكەی هەسەدە لەو هێرشانەدا هیچ زیانێك بەر شەڕڤانان نەكەوتووە.

هەر ئەمڕۆ ناوەندنی راگەیاندنی هێزەكانی سوریای دیموكرات بڵاویکردەوە" لە نزیك منبج روبەڕووبوونەوە لەگەڵ گروپە چەكدارەكانی نزیك لە توركیا روویداوە و لە ئەنجامدا شەش چەكدار كوژراون و دوو ئۆتۆمبێلی سەربازیش تێكشكێنران". 



PM:06:45:29/12/2024