روانگەی سووری ژمارە قوربانییەکانی شەڕی ١٨ ڕۆژەی منبجی ڕاگەیاند

روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، لە شەڕی ١٨ رۆژەی منبج و دەوروبەریدا ١٥٢ چەکدار و هاوڵاتیی سڤیل کوژراون، دەشڵێت" شەش چەکداری نزیک لە تورکیا کوژراون و سێ ئەندامی هەسەدە گیانیانلدەستداوە".

روانگەی سووری بڵاویشیکردەوە، لە قۆڵی بەنداوی تشرین و پردی قەرەقۆزاق لە دەورووبەری منبج، شەڕ و پێکدادانی قورس لەنێوان هێزەکانی هەسەدە و چەکدارانی سوپای نیشتمانیی ئۆپۆزسیۆنی سووریای نزیک لە تورکیا بەردەوامە.

ئاماژە بەوەشکراوە، چەکی قورس و مامناوەند لە شەڕەکاندا بەکاردەهێنرێت و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیاش هاوکات لەگەڵ شەڕ و پێکدادانەکاندا سەنگەرەکانی هەسەدە لە دەورووبەری بەنداوی تشرین بۆردوومان دەکەن.

لە گوندی ئەبو قەلقەل لە نزیک منبج لایەنەکان بە تۆپخانە و مووشەک بنکە و بارەگای یەکدییان بۆردوومانکردووە و بەو هۆیەوە شەش چەکداری سوپای نیشتمانی سووریا کوژراون و سێ ئەندامی هەسەدەش گیانیانلەدەستداوە.

دوێنێش لە شەڕ و پێکدادانەکاندا حەوت ئەندامی گرووپی عەمشاتی نزیک لە تورکیا کوژرابوون.

بەگوێرەی زانیارییەکانی روانگەی سووری، لەماوەی ١٨ رۆژ شەڕ و پێکدادانی نێوان چەکدارەکان و هێزەکانی هەسەدە لە منبج، ١٥٢ چەکدار و کەسی سڤیل گیانیانلەدەستداوە، کە ٢٠ کەسیان هاونیشتمانیی سڤیل بوون و سێ ژن و دوو منداڵیشیان لە ناودا بووە.

هەروەها لەو ماوەیەدا ٩٤ چەکداری نزیک لە تورکیا کوژراون و ٣٨ ئەندامی هێزەکانی هەسەدەش گیانیانلەدەستداوە.




AM:12:07:30/12/2024