شاخەوان عەبدوڵا: بڕیارە بەغدا بڕی تەواوکاری مووچەی مانگی ١١ ی هەرێم بنێرێت

لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکان لە شاری کەرکوک، د. شاخەوان عەبدوڵا رایگەیاند " لەگەڵ حوکمەتی بەغدا ڕێککەوتوون کە ئەمڕۆ دوو شەممە تەواوکاری مووچەی مانگی ١١ مووچەخۆرانی هەرێم رەوانەی هەرێم بکات".

ئەمڕۆ دوو شەممە لەسەردانێکدا بۆ شاری کەرکوک کە بۆ مەراسیمی تەواوکردنی پرۆژەیەکی ئاوی شارەکە گەیشتبوو ئەوێ، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان، شاخەوان عەبدوڵا رایگەیاند" تەواوکاری مووچەی مانگی ١١ مووچەخۆرانی هەرێم بڕیارە ئەمرۆ دوو شەممە بگاتە هەرێم".

لە بارەی مووچەی مانگی ١٢ ی ٢٠٢٤ ەوە، ناوبراو وتی " هێشتا دامەزراوە فیدراڵییەکانیش لە عێراق مووچەی مانگی ١٢ یان وەرنەگرتووە بەهۆی نەبوونی نەختینەوە، هەر بۆیە مووچەی هەرێمیش نەدراوە".

لە بارەی تەواوکاری مووچەی هەرێمەوە ئاماژەی بەوە کرد، ئەو دەسەڵاتە دراوە بە سەرۆک وەزیران کە بڕیار لەسەر چارەسەرکردنی ئەو تەواوکارییە بدات.

لەباری زەوی و زاری جوتیارانی کەرکوکەوە جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەوان ناهێڵێن زەوی جوتیارانی کورد داگیربکرێت.
 




AM:11:38:30/12/2024